رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان دەڵێ، لە سێ مانگدا 26 رۆژ هەوای پارێزگاکە پاک بووە و 46 رۆژیش هەواکەی باش نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، میهرداد شابازی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2025 تاوەکو 7-06-2025 هەوای شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان بەهۆی بەرزبوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە 6 رۆژ لە ئاستی هۆشداریدا بووە و بۆ خەڵکی وەک نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان بەکەڵک نەهاتووە و ماوەی دوو رۆژیش هەوای پارێزگاکە لە دۆخی ئەوپەڕی خراپدا بووە.
میهرداد شابازی گوتی: " لەو سێ مانگەدا شارەکانی پارێزگاکە تەنیا 26 رۆژ هەوای پاکیان هەبووە و 46 رۆژیش هەواکەی باش نەبووە."
میهرداد شابازی دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە پار، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی سەر بە پارێزگاکە زیادیکردووە.
میهرداد شابازی ئاماژەی بەوەشکرد: "پار پارێزگای کرماشان لە سەر ئاستی ئێران لە پلەی 19دا بوو لە رووی پیسبوونی هەوا، بەڵام ئەم ساڵ لە پلەی 6دایە."
میهرداد شابازی هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوای کرماشانی بۆ خۆڵبارین گەڕاندەوە و گوتی: "سەرچاوەی سەرەکیی خۆڵبارینەکە لە دەرەوەی وڵاتە، بە تایبەت عێراق، سووریا و سعودیە."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ