"سندان" جووتیارانی کەرکووک ناچار دەکات شووتییەکانیان بە نرخی کەمتر بفرۆشن

08-06-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
دیمەنی شووتییە نەخۆشەکان.
دیمەنی شووتییە نەخۆشەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جووتیارانی پارێزگای کەرکووک ئەم ساڵ رووبەڕووی زیانێکی گەورەی دارایی بوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی ناسراو بە "سندان" یان "رەقە" لەنێو بەرهەمی شووتییەکانیاندا، کە بووەتە هۆی خراپبوونی بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان و ناچاریکردوون بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشنەوە. هاوکات بازرگانانیش گلەیی لە کێشەکانی گواستنەوە و دواکەوتن لە بازگەکان دەکەن.
 
نەخۆشیی "سندان" کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر تەشەنەی کردووە، تام و رەنگی شووتییەکە لەنێودەبات، ناوەکەی زەرد دەکات و بۆ خواردن ناشێت.
 
بۆتان باهیر، یەکێک لە جووتیارانی ناوچەکە کە 18 دۆنم زەویی بە شووتی چاندووە، باس لەوە دەکات کە نزیکەی نیوەی بەرهەمەکەی بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لەنێوچووە و دەڵێت: "ئەو نەخۆشییە پێی دەگوترێت رەقە یان سنداندار، شێوازەکەی ئەوەیە لە ناوەوە زەرد دەبێت و تامی نییە و بەکەڵکی خواردن نایەت."
 
کاریگەریی ئەم نەخۆشییە تەنیا لەسەر کواڵیتیی بەرهەمەکە نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانیش هەبووە. سامان محەممەد، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "نەک تەنیا شووتی، بەڵکو هەموو جۆرە بەرهەمەکانمان نەخۆشن. ساڵانی رابردوو دۆنمێک زەوی 12 بۆ 13 تۆن شووتی دەدا، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا پێنج تۆن دەدات، لەوەش تەنیا دوو تۆنی بۆ خواردن دەشێت."
 
جگە لەم ئافاتە کشتوکاڵییە، جووتیارانی کورد کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیشیان هەیە. بەشدار عەزیز، جووتیارێکە و ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانن بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگەیێننە بازاڕەکان، بۆیە ناچارن لە عەلوەی ناوچەکەدا بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشنە بازرگانانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەو بازرگان و شۆفێرانەی کە لە پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە دێن بۆ کڕینی شووتیی کەرکووک، گلەیی لە کێشەکانی گواستنەوە دەکەن و دەڵێن بەهۆی دواکەوتن لە بازگەی "دارەمان" و خاڵە گومرگییەکان، بەرهەمەکانیان زیانیان پێدەگات.
 
مونتەزەر فەتلاوی، بازرگانێکی خەڵکی دیوانییەیە و دەڵێت: "ئێمە تەنیا بەدەست ئەو بازگەیەوە دەناڵێنین. داوای نووسراوی کشتوکاڵمان لێدەکەن، لەکاتێکدا ئەمە بەرهەمی عێراقییە و لە دیوانییەوە هاتووین. بەهۆی قەرەباڵخییەوە چەندین کاژێر رادەوەستین."
 
حەیدەر عەلی، بازرگانێکی خەڵکی بەسرەیە، باسی لەوە کرد کە گەیاندنی بارێکی شووتی بۆ بەسرە کە دەبوو یەک رۆژ بخایێنێت، ئێستا سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت و گوتی: "شووتی لەنێو ئۆتۆمبێلدا بمێنێتەوە تێکدەچێت، خۆ بلۆکمان بار نەکردووە."
 
پسپۆڕان گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی بارانبارین بە هۆکاری سەرەکیی دەرکەوتنی ئەم جۆرە نەخۆشی و ئافاتانە دادەنێن، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و بژێویی جووتیاران لە تەواوی وەرزەکاندا دروستکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە