رووداو دیجیتاڵ
لە مێردینی باکووری کوردستان لە ئەنجامی شەڕە تەقەی دوو ماڵبات کە خزمی یەکدین، کەسێک کوژرا، 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، کێشە لە نێوان دوو ماڵباتی ناکۆک لە گوندی کابالا سەر بە شارۆچکەی ئارتوکڵو لە مێردینی باکووری کوردستان روویدا. دەمەقاڵەی نێوان دوو خێزانەکە گەیشتە بەکارهێنانی چەک و لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوانیان، 11 کەس لە هەردوو خێزان بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، تیمێکی هاوبەشی جەندرمە و پۆلیسی دەوروبەری شار چوونە شوێنی رووداوەکە و ئەندامانی هەردوو خێزانەکەیان لە کاتی تەقەکردندا چەککرد. سێ کەسیان دەستگیرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، 11 بریندارەکە بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە نەخۆشخانەی فێرکاری مێردین. یەکێک لە بریندارەکان بەناوی (ئەحمەد ب.) سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لە نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی مێردین دەڵێت، تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕ و پێکدادانەکان نەزانراوە. سەرەتای شەڕەکە بە دەمەقاڵە دەستیپێکرد و دواتر بۆ بەکارهێنانی چەک پەرەیسەندووە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پار سێ هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەک ئەنجامدراون، کە تێیاندا دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و سێ هەزار و 820 کەسی دیکە بریندار بوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیادا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ