لە بەحرکە 150 ماڵ بێ ئاون؛ 'لە جەژنەوە دوو رۆژ ئاومان بۆ هاتووە'

08-07-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
 دانیشتووانی 150 ماڵ لە بەحرکە پشت بە ئاوی بیری کۆن دەبەستن.
دانیشتووانی 150 ماڵ لە بەحرکە پشت بە ئاوی بیری کۆن دەبەستن.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 150 ماڵی گەڕەکی شێخەشەل لە بەحرکە لە گەرمەی تەمووزدا لە ئاو بێبەشن، هاونیشتمانییان رۆژانە ئاو دەکڕن. خاوەن تانکییەکی ئاو بە خاترانە. 15 هەزار لە هاونیشتمانییەک وەردەگرێت.
 
محەممەد ئەحمەد، دانیشتووی شێخەشەلە و دەڵیت، "14 رۆژە ئاومان بۆ نەهاتووە، هەریەکەی کێشەیەک دەڵێت، هیچ سەرمان لێ دەرناچێت، هەر ئەوەندە دەزانم بەو بێ مووچەیە دەبێت ئاو بکڕین."
 
ئاوفرۆشێک بە خاترانە، بەرمیلی بە 15000 پڕ دەکات.
 
سەردار جەمیل دەڵێت، "رۆژانە 20 کەس تەلەفۆنمان بۆ دەکات، رەنگە بۆ 10 کەس ببەم ئەوانەی دیکە دەمێننەوە. بەوهۆیەوە فێری درۆ بووینە و دەبێت درۆیان بۆ بکەین."
 
چەند ماڵێک لەولاتر، ماڵی ئینتیزار و دایە نەزیرەیە، ئینتیزار ئیفلیجی مێشکی هەیە دایکەکەی رۆژانە دوو جار پێویستی بە ئاوە تاوەکو کچە نەخۆشەکەی پاک بکاتەوە، کەچی لە جەژنی قوربانەوە تەنیا دوو جار ئاویان بۆ هاتووە. 
 
سەعد زراری، دانیشتووێکی دیکەی شێخەشەلە و دەڵێت، "ئەوانەی تانکی بچووکیان هەیە رۆژێک نا رۆژێک دەبێت ئاو بکڕین، ئەوانەی تانکی گەورەشیان هەیە 3 رۆژ جارێک."
 
کێشەی بێ ئاوی لەم گەڕەکە دوو ساڵە هەیە و هاوینان بە یەکجاری کێشەکە گەورە دەبێت. دانیشتووانی گەڕەکەکە بە گشتی 3 هەزار ماڵن، بەڵام 150 ماڵیان بەهۆی ئەوەی زێدەڕۆبوونە ئاویشیان لەوەتەی هەیە لەسەر بیرێکی بازرگانییە. هەر ماڵێک مانگانە 5 هەزار دینار دەداتە بە خاوەن بیر بۆ ئەوەی ئاویان پێبگات بەڵام ئەمە دۆخیانە 
 
نەجات ئەحمەد، دانیشتووێکی دیکەی گەڕەکەیە و دەڵێت، "لە جەژنەوە دوو رۆژ ئاومان بۆ هاتووە، لە ئێواران تاوەکو دووی شەو لە دیار ئاو دادەنیشتین، بزانین کەی ئاو دێت."
 
لوقمان خاوەن ئەو بیرە بازرگانییەیە کە هەمووان گلەیی لێدەکەن، ئەو پێیگوتم ئاوی بیرەکەی کەمیکردووە و خەڵکیش ئەو کەمە ئاوەی هەیە بەفیڕۆی دەدەن و یارمەتی یەکدی نادەن.  
 
لوقمان سەعید دەڵێت، "لە 24 کاژێر 4 کاژێر کارەبامان هەیە، کەسیش هاوکاری کەس ناکات."
 
تۆڵە مەهدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەو شوێنە گەڕەکێکی نیمچە رەسمییە و پێشتر زەوی سندووقی بووە و خەڵکێکی زۆری لێ دادەنیشێت. ئەو خەڵکە زۆرە بەم بیرە کۆنانە تێرایی ناخۆن و پلانمان هەیە بیری نوێ لێبدەین." 
 
ناحیەی بەحرکە بەتەواوی پشت بە ئاوی بیر دەبەستێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 40 بیر لەم ناحیەیە وشکیان کردووە و ئاستی ئاوی ژێر زەویش بە جۆرێک دابەزیوە، قووڵایی هەندێک لە بیرەکان گەیشتووەتە نزیکەی 600 مەتر.
 
ئێستا هەموو هیواکان بۆ دانیشتوانی شێخەشەل و هەموو گەڕەکە بێ ئاوەکان، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایە کە بەزووترین کات ئاوی ئاوەدانی بگەێنێتەوە کوچەکانی ئەم شارە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەکی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاریی سلێمانی: دەرهێنانی کارت بەردەوامە و رانەوەستاوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی دەڵێت، هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ راگرتنی کارەکانیان بە ئەوان نەگەیشتووە و دەرهێنانی کارتەکە بەردەوامە.