هۆشیار زێباری: حکومەتی سوودانی خۆی لە خەرجکردنی مووچە دەدزێتەوە

08-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێكی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان، وەزیرەکان و لیژنەکانی عێراق، بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەیە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: "خۆدزینەوەی حکومەتی بەڕێز سوودانی لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە خستنەنێوی هەرێمی کوردستان لە وردەکاری تەکنیکی، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە پابەندبوونە دەستوورییەکان و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: "ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان و وەزیرەکان و لیژنەکان، خزمەت بە دواخستنەکە دەکات، سەرەڕای ئەوەی خۆی دەسەڵاتی تەواوی هەیە دەستبەجێ مووچە خەرج بکات."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بەڵام بڕیاری لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدا. 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکبهێنێ.
 
لیژنەکە پێکهاتووە لە محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق؛ بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنە پێکهێندراوەکەی حکومەتی عێراق تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەی پرسی نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. سبەی کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و هەوڵ دەدات لە نزیکترین کاتدا کاری پێویست بکات بۆئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆببێتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە