رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سلێمانی - چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەوی سێشەممە 8ـی ئابی 2023، شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیک کاژێر 11:00ـی ئەمشەو رووداوەکە لەسەر رێگەی سلێمانی ــ چەمچەماڵ نزیک کارگەی خشتی ئاشوور روویداوە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژنێکی 51 ساڵ و گەنجێکی 21 ساڵن؛ بریندارەکانیش سێ منداڵ و سێ ئافرەتن و رەوانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ کراون.
هەر شەوی سێشەممە، عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوێکدا ئۆتۆمبێلێک لە نزیک پردی حافیز لە نزیک قەزای چۆمان وەرگەڕا کە خێزانێکی پێنج کەسی تێدابووە، بەوهۆیەوە منداڵێکیان گیانی لەدەستداوە و چوارەکەی دیکەش برینداربوون.
ساڵی رابردوو، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لەنێویدا 773 رووداوی وەرگەڕان هەبوو، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکانیشدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ