کۆنفرانسێک لە حەسەکە داوای سووریایەکی ناناوەندی دەکات؛ سەرکردەی پێکهاتەکان ستایشی دەکەن

08-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
کۆنفرانسی سەرکردە و نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە حەسەکە بە درووشمی "پێکەوە لەپێناو فرەڕەنگییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، داهاتووی خۆمان دروست دەکەین"
کۆنفرانسی سەرکردە و نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە حەسەکە بە درووشمی "پێکەوە لەپێناو فرەڕەنگییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، داهاتووی خۆمان دروست دەکەین"
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردە و نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسێکیان بەست، تێیدا داوای دەستوورێکی نوێی دیموکراسی و ناناوەندییان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نەبڕاوەی سووریا کرد. بەڵام پەرلەمانتارێکی سووریا کە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، رەخنەی لە کۆنفرانسەکە گرت و بە هەوڵێکی "دابەشکاری" کە "یەکڕیزیی نیشتمانی تێکدەدات" ناوی برد.
 
کۆنفرانسەکە بە درووشمی "پێکەوە لەپێناو فرەڕەنگییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، داهاتووی خۆمان دروست دەکەین" بەڕێوەچوو و نوێنەرانی کورد، عەرەب، سریان، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن تێیدا بەشداربوون.
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا کە لەلایەن شێخ حەسەن فەرحان، شێخی هۆزی تەی خوێندرایەوە، هاتووە کە چارەسەری قەیرانی سووریا "لە رێگەی دەستوورێکی دیموکراسییەوە دەبێت کە سیستمێکی ناناوەندی دادەمەزرێنێت". راگەیێندراوەکە جەختی کردەوە کە سیستمێکی لەو جۆرە بەشداریی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا مسۆگەر دەکات.
 
هەروەها کۆنفرانسەکە دەستووری کاتیی ئێستای سووریای رەتکردەوە و رایگەیاند کە "داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی و شکۆمەندیی مرۆڤایەتی لەخۆناگرێت". هاوکات سەرکۆنەی رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریای کرد و بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناوی برد.
 
پشتیوانی بۆ یەکڕیزی و هێزەکانی سووریای دیموکرات
 
لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینیی دیار خرایەڕوو.
 
 حیکمەت هەجەری، رێبەری ئایینی دروزەکانی سووریا کە ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق هەیە، گوتی، "پێکەوەژیان تەنیا درووشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئارامییەکی ویژدانییە بۆ نیشتمانێک و گەلێک کە رووبەڕووی شەڕی پەراوێزخستن بووەتەوە. ئێمە وەک رۆڵەکانی تایفەی دروزی، شانبەشانی براکانمان لە کورد، عەرەب، سریان، ئێزدی و تورکمان دەوەستین."
 
لە پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆییدا شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای عەلەوییەکانی سووریا، کە وەک رێبەری ئایینی پێکهاتەکە سەیر دەکرێ، پشتیوانیی خۆی راگەیاند و گوتی، "لە قۆناخێکی هەستیاری مێژووی نوێماندا پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکگرتنە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەم و جیاکارییەی دڵی هەموومانی سووتاندووە."
 
لە گوتارێکی بەهێزدا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزی سەربازیی ناوچەکە، د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینیی رۆژئاوای سووریا، لەسەر سەکۆی هۆڵی کۆنفرانسەکە ستایشی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد و گوتی، "ئێمە پشتگیریی هەسەدە دەکەین، نەوەک تەنیا لەبەر ئەوەی هێزێکی سەربازییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی نوێنەرایەتیی پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانی دەکات کە باوەڕی بە یەکێتیی گەلان هەیە."
 
خەزنەوی رووی دەمی کردە فەرماندەی گشتیی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار نەبوو و بەڵێنی پشتیوانیی تەواوی پێدا و گوتی، "پێت ناڵێین وەک بەنی ئیسرائیل بە موسایان گوت: تۆ و خوداکەت بڕۆن بجەنگن، ئێمە لێرە دانیشتووین. بەڵکو پێت دەڵێین: تۆ و شەڕڤانانی شکۆمەندی هەسەدە، بڕۆن بجەنگن، ئێمەش لەگەڵتان دەجەنگین."
 
دیمەشق کۆنفرانسەکە بە "دابەشکاری" ناودەبات
 
ئەو روانگەیەی لە کۆنفرانسەکەدا خرایەڕوو، بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونی دیمەشقە.
 
د. نەوار نەجم، ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، رەخنەی لە بنەما و شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکە گرت.
 
د. نەجم لە دیمەشق بە سۆلین محەممەدەمین، پەیامنێری رووداوی گوت، "هیواداربووین ئەم جۆرە کۆنفرانسانە لە دیمەشق بکرێن و کۆکەرەوەی هەموو گەلی سووریا بن،" هەروەها رایگەیاند کە شێوازی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە "وا دەریدەخات کە ئەمانە تەنیا درووشم بن و رەنگدانەوەی راستییەکان نین."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، کە بە پەرلەمانی کاتیی سووریا دادەنرێت، بەکارهێنانی وشەی "پێکهاتەکان" بۆ پێناسەکردنی لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە حکومەت مامەڵە لەگەڵ هەموو سووریاییەکان وەک هاووڵاتیی یەکسان لەژێر چەتری ناسنامەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا دەکات.
 
د. نەجم کۆنفرانسەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "وێنەیەکی هەڵە" بڵاودەکاتەوە، وەک ئەوەی سووریا "دەوڵەتێکی دەستکرد بێت کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی نێوان گرووپەکان دروست بووبێت."
 
د. نەجم گوتیشی، "سووریا دەوڵەتێکی دەستکرد نییە، بەڵکو هەموو ئەم پێکهاتانە سەر بە سووریان." ئەو کۆنفرانسەکەی بە "لادان لە رێڕەوی گشتی" پێناسە کرد و هۆشداری دا کە هەوڵی لەو شێوەیە سووریا لاواز دەکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانیش ناکات، بەڵکو دەیانخاتە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ "بەشەکانی دیکەی گەلی سووریادا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە