دوو گەنجی کورد لە کەرکووک دوای هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا دەستگیرکران

08-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک دوو گەنجی کورد، دوای هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەستگیر کران. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، بەگوێرەی مادەی 240 گیراون.
 
ئەمڕۆ هەینی عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو گەنجی کورد بە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری دۆج چاڵێنجەر، کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵکردبوو و بە شەقامێکی کەرکووکدا سووڕاونەتەوە، بە بڕیاری دادوەری ئێشکگری کەرکووک دەستگیر کران."
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، ئەو دوو گەنجە کوردە "دوو رۆژ لە بنکەی پۆلیسی میقداد رادەگیرێن و دواتر دەبرێنە بەردەم دادوەر؛ دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیراوە."
 
 
بە گوتەی عامر نووری، گەنجەکان بەگوێرەی مادەی 240ی تایبەت بە سەرپێچی دەستگیر کراون.
 
لە مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، هەر کەسێک سەرپێچیی کرد لەو فەرمانە کارگێڕییانەی کە دەردەچن، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت زیاتر بێت لە 6 مانگ یان بە پێبژاردنێک کە لە 100 هەزار دینار زیاتر نەبێت، "سزا دەدرێت." 
 
یاسای سزاکان ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو

ماددەی 240

"هەر کەسێک سەرپێچی ئەو فەرمانانە بکات کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان کەسێکی راسپێردراو بە خزمەتێکی گشتی یان ئەنجومەنە شاره‌وانییەکان یان دەستەیەکی فەرمی یان نیمچە فەرمی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیاندا دەرچووە، یان پابەندی فەرمانەکانی هەر لایەنێک لەو لایەنانەی باسکراون کە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەدا دەرچوون نەبێت، سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت یان سزای پێبژاردن کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت، دەدرێت، ئەمەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ سزایەکی توندتر کە لە یاسادا هاتبێت."

هیچ دەقێکی راشکاوانە نییە کە هاووڵاتیی عێراقی لە هەڵکردنی ئاڵای وڵاتانی دیکە قەدەخە بکات، بەڵام یاسا سزا لەسەر سوکایەتیکردن بە ئاڵای وڵاتێکی بیانی دادەنێت.

لە دەستووری عێراق یان یاسا گشتییەکاندا هیچ دەقێکی روون و ئاشکرا نییە کە رێگری لە هاوڵاتییەکی عێراقی بکات لە هەڵکردنی ئاڵای وڵاتێکی بیانی لەسەر موڵکی تایبەتی خۆی، بە مەرجێک ئەم کارە سوکایەتیکردن بە ئاڵای عێراق یان سەروەریی دەوڵەت لەخۆنەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵێک رێوشوێن و سنووردارکردنی یاسایی هەن کە پەیوەستن بەم بابەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە ئاڵای وڵاتانی بیانی یان بەکارهێنانی ئاڵاکان لە چوارچێوەیەکدا کە زیان بە ئاسایشی گشتی بگەیێنێت.

یاسای ئاڵای عێراق

یاسای ئاڵای عێراق ژمارە 33ـی ساڵی 1986 و هەموارکراوەکانی، بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر رێکخستنی شێوە و تایبەتمەندییەکانی ئاڵای عێراق و رێوڕەسمەکانی هەڵکردنی لە بۆنە فەرمییەکان و لەسەر باڵەخانە حکومییەکان دەکاتەوە. ماددەی هەشتەمی ئەو یاسایە هەڵکردنی ئاڵا لەسەر ستوون لە باڵەخانە نافەرمییەکاندا قەدەخە دەکات، بەڵام باس لە پرسی هەڵکردنی ئاڵای وڵاتانی دیکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ناکات.

بڕیاری تایبەت:

- لە ساڵی 2020دا، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، مستەفا کازمی، بڕیارێکی دەرکرد کە هەڵکردنی هەر ئاڵایەکی جگە لە ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەکانی وەزارەتەکان، دەزگا ئەمنییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی قەدەخە دەکرد. ئەم بڕیارە تەنها دامەزراوە فەرمییەکان دەگرێتەوە و هاووڵاتییانی ئاسایی ناگرێتەوە.

- لە ساڵی 2017دا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێک دا کە هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل لە ناوەندە جەماوەرییەکاندا بە تاوان دابنێت و بڕیارەکە رەوانەی حکومەت کرا بۆ دانانی رێوشوێنی گونجاو و دیاریکردنی سزا. ئەم بڕیارە وەک حاڵەتێکی تایبەت هات و بە مانای بوونی قەدەخەیەکی گشتی لەسەر هەڵکردنی هەموو ئاڵا بیانییەکان نییە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.