محەممەد حاجی مەحموود: باشترین چارەسەر بۆ پرسی مووچە کشانەوەیە لە بەغدا

08-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات ئەنجوومەنێکی سیاسی پێکبهێنن و دەشڵێت، ''باشترین چارەسەر بۆ پرسی مووچەی مووچەخۆران و بودجەی هەرێمی کوردستان کشانەوەی کوردە لە بەغدا.'' 
 
ئەمڕۆ هەینی 08-08-2025، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی 49ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەی کە لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، "ناڕەوایە".
 
محەممەد حاجی مەحموود لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران گوتی، ''باشترین چارەسەر بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە بەغدا بکشێنەوە.''
 
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات، ''کۆببنەوە و ئەنجوومەنێکی سیاسی پێکبهێنن، پاشان داهاتی کوردستان کۆبکەنەوە و ئەوەندەی کە هەیە، بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی پێ دابین بکەن، ئەمە تەنیا چارەسەرە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان''.

 

لەکاتێکدا 8 رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت، ''هەموو شتێک لەگەڵ بەغدا تاقیکراوەتەوە، هیچ شتێک نەماوە کە پێویست بێت کورد بیکات، نەوت و داهاتیشی رادەست کردووە.''
 
لە دوایین پێشهاتدا رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە کە 17ـی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسندکرا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە پێویستە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت، بۆ ئەوەی عێراقیش مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
 
ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی مانگی تەممووزەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دابەزیوە و 6ـی ئاب حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ''وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتیان کردووەتەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە."
 
حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی خستەڕوو، "رێککەوتووین 80 هەزار بەرمیلیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەکردن، دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی نێوخۆ و کارپێکردنی پاڵاوگەکانی هەرێم تەرخان دەکرێت."
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، 120ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی 6 و تەواوی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت ئامادەن بۆ رادەستکردن، بەڵام چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری خەرجکردنی مووچەن لە بەغداوە، تاوەکو هەنگاوی کرداری بنێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە