رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوا لە رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات دەکات، بێ جیاوازی تەمەن بەشداربن لە کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی سۆرانی، کورمانجی و بادینی، کە لە 01ـی ئۆکتۆبەرەوە بێبەرامبەر دەستپێدەکات.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی کۆرسی چوارەم دەکەین کە لە 01-10-2025ـەوە دەستپێدەکات، وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامەی زمانی کوردی بە سۆرانی، بادینی و کرمانجی دەگوترێنەوە".
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی 2022ـەوە لە رێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، خزمەتگوزاری کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ کوردستانیانی دیاسپۆرا فەراهەم کراوە.
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، تاوەکو ئەم ساڵ لە رێگەی کۆرسی ئۆنلاینەوە، هەزار هاونیشتمانی لە وڵاتە جیاکانی جیهانەوە فێری زمانی کوردی کراون و بڕوانامەی وەزارەتی پەروەردەیان وەرگرتووە.
خوێندنەکە هاوشێوەی خوێندنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەمان پرۆگرام دەخوێندرێت و تاوەکو پۆلی 6ـی سەرەتایی بەردەوام دەبن، دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە بڕوانامە وەردەگرن.
وەزارەتەکە داوا لە لە کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات: "وەکو ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانتان لەهەر ئاست و تەمەنێکدا بن تۆمار بکەن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ساڵی رابردوو زیاتر لە 380 قوتابی بە شێوەزاری سۆرانی و 370 قوتابیش بە شێوەزاری بادینی بەشداریان لە کۆرسەکەدا کردووە.
بەگوێرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بۆ رووداو، لە کۆرسەکاندا تەمەن پێوەر نییە و خێزان هەن، کە منداڵ، دایک و باوک پێکەوە بەشداریی دەکەن.
کۆنفیدراسیۆنەکە دەڵێت، "ساڵی رابردوو قوتابییانی خوێندنی کوردیی لە دیاسپۆرا، تەمەنی 6 بۆ 77 ساڵ بوون".
ئەو قوتابییانەی بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆرسەکەدا دەخوێنن ساڵی خوێندنی 2024-2025 وانەکانی پۆلی دووەمی سەرەتاییان خوێند، چونکە ساڵی یەکەم بەهۆی کەمی ژمارەی قوتابییەوە کۆرسەکە دووبارە کراوەتەوە، ئەوانەی لە ساڵی خوێندنی 2025-2026 دەخوێنن، بەشێكیان وانەکانی سێیەمی سەرەتایی دەخوێنن.
کوردانی دیاسپۆرا دەتوانن لەم بەستەرەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندندا، ئەوانیش بەشداربن لە فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ