ئێران بەشێکی سەرچاوەی ئاوی قەڵادزێی بەردایەوە

08-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 23 رۆژ لە گرتنەوەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی قەڵادزێ لەلایەن ئێرانەوە، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین دەڵێت، ئێران بەشێکی ئاوەکەی بەرداوەتەوە.
 
لە رۆژی 13ـی ئابەوە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتبوویەوە، کە ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەس و پڕۆژەکانی ماسی و کشتوکاڵی قەڵادزێ و دەوروبەری لەسەربوو. ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێران بەشێکی ئاوەکەی بەرداوەتەوە.
 
ئاوەکە جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی خاوێنی هاونیشتمانیانی سنووری قەڵادزێیە لە ئیدارەی راپەڕین، چەندین پڕۆژی ماسی و بەروبوومی کشتوکاڵی لەسەرە. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، گرتنەوەی ئاوەکە مەترسیی کارەساتی ژینگەیی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیشی دروستکردبوو.
 
سەلام عومەر دەڵێت، "ئاوەکە تەواو بەرنەدراوەتەوە، بەڵام مەترسیی بڵابوونەوەی نەخۆشی نەهێشتووە؛ پڕۆژەی ئاوی 'خاس'یش کە ئاوی خاوێن بۆ خەڵکی ناوچەکە بەرهەم دەهێنێت سەرڕێژ بووە و گرفتەکانمان چارەسەربوون".
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە بووژاونەتەوە و حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسیش توانیویانە ئاوی پێویست وەربگرنەوە و مەترسی لەنێوچوونی پڕۆژەکانیان نەماوە.
 
پڕۆژەی ئاوی "خاس" سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەترسێجا ئاو بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەداتەوە.
 
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە و دووجار سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە. یەکەمیان 25ـی حوزەیران بۆ ماوەی پێنج رۆژ و 13ـی ئابیش دووەمجاری گرتنەوەکە بوو کە 23 رۆژی خایاند. ساڵی رابردووش ئێران 25ـی ئاب بۆ ماوەی چەند رۆژێک سەرچاوەی ئاوەکەی گرتبوویەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.