رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی گوتەبێژی حکومەتی عێراقدا رایگەیاند، بەغدا پابەندی رێککەوتن نەبووە، نەوەکو هەولێر. گوتیشی، بەگوێرەی یاسای بودجە، پشکی ساڵێکی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینارە، کە مانگانە ترلیۆنێک و 375 ملیار دینارە، بەڵام ئەمساڵ بەغدا تەنیا بڕی دوو تریلیۆن و 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.
رۆژی هەینی، 8ـی ئەیلوولی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوی هەمان رۆژی باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی 16 ترلیۆن و (498) ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە (1) تریلیۆن و (375)ملیار دینار. لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە 1-1-2023ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی (2) تریلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 11و 12ـی ساڵی 2022، لەکاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لە 1-1-2023ـەوە مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەشکراوە، کەچی تەنیا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە، لەمەشدا کار لەسەر رێکارێکی جیاواز کراوە، ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە رووی نەداوە بە قەرز ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پێشەوا هەورامانی، دوایین بڕە پارە کە بەغدا بڕیاری داوە بۆ هەولێری بنێرێت 500 ملیار دینارە بە شێوازی قەرز؛ دەشڵێت، "ئەوان [حکومەتی عێراق] دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە (320) ملیار دینار، ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 1 تریلیۆن و (375)ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە".
لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو 25ـی ئاداری ئەمساڵ هەناردەکراوە و دواتر راگیراوە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە 25-6-2023ـەوە تاوەکو ئێستا رۆژانە تێکڕا بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو رێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە نێوخۆییەکاندایە، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووە و یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە".
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراقدا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورددستان دەڵێت، "لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشانداوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی رادەست بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لەناو شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هیچ هۆکار و بیانوویەک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە، بەڵکو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بە بیانوویەک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز گوتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت (باشترین رێگەچارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانە)، ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەڵتان بەڵام دەشپرسین، کێ دەستوور و یاساکانی پێشێلکردووە؟ کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟"
رۆژی 8ـی ئەیلوول، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "حکومەتی فیدراڵی تەواوی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشکێشکردنی چارەسەرییەکان، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بڕی ئەو پارانەی لە لای هەرێمی کوردستان بووە زیاتر لە سێ هێندەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی رادەست نەکردووە."
عەوادی رایگەیاندبوو، "بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی دەبوو ئەو داهاتانە رادەستبکرێنەوە، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی بڕیاری دا گوناهی ئەو پابەندنەبوونە نەخرێتە سەر هاووڵاتیانی عێراقی لە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشە داراییەکانی بەپێی رێکارەکان چارەسەر دەکات."
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ