رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، بە تۆمەتی دزینی پارە لە سندووقی مزگەوت سێ کەسیان دەستگیر کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، دزەکان خەڵکی شارەکە نین.
دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن پۆلیسی هەڵەبجەوە راگەیێندرا و ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانە "هەستاون بە دزیکردن لە سندووقی خێر لە مزگەوتەکانی نێوشاری هەڵەبجە. دانیان ناوە بە تاوانێکی دیکەشدا کە شکاندن و بردنی پارەی نێو سندووقی هاوکارییە بۆ نەخۆشخانەی هیوا لەنێو مارکێتێکدا."
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دزەکان دەڵێن لە دوو مزگەوت پارەیان دزیوە، بڕێک پارە دەڵێن، بەڵام چونکە دیارنییە سندووقی خێریی مزگەوت چەند پارەی تێدایە، ناتوانین متمانە بە قسەکانیان بکەین."
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتی، هەر سێ تۆمەتبارەکە خەڵکی دەرەوەی شارەکەن و عەرەبن.
بەگوێرەی پۆلیسی هەڵەبجە، (م، ح، ر تەمەن 17ساڵ – ع، و، ع تەمەن 17 ساڵ – ا، و، ع تەمەن 14 ساڵ) سێ تۆمەتبارەکەن و لە بەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ