کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لیژنەیەکی بۆ رێکخستن و پەسندکردنی بڕگەکانی پەیڕەوی نێوخۆ پێکهێناوە

08-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، لە کۆنگرەی پێنجەمدا کۆمەڵێک بڕگە تەواو نەکران، بۆیە لیژنەیەک بۆ رێکخستن و پەسندکردنی ئەو بڕگانە پێکهێندراوە.
 
رۆژی 19ی تەممووز، کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژی خایاند.
 
رۆژی دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025 عەبدولستار مەجید، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''دەسەڵاتی رێکخستن، هەموارکردن و پەسندکردنی ئەو بڕگە و مادانەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵ کە مابوون، لەلایەن کۆنگرەوە درایە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.''
 
بە گوتەی عەبدولستار مەجید، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی لیژنەیەکی پێکهێناوە تاوەکو بەدواداچوون بۆ ئەو چەند بڕگەیە بکات، رێکیان بخات و پەسندیان بکات.
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان نزیکەی 23 مادەی پەیڕەوی ناوخۆی هەیە. ئەو ئەندامەی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتیشی: ''لیژنەکە بەم نزیکانە دەست بە کار دەکات و هەفتەیەکی پێویستە بۆ رێکخستنی هەموو بڕگەکان.''
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بە ناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕدرا.
 
عەبدولستار مەجید گوتی، ''لە کۆنگرەی پێنجەمدا بڕیاردرا ناوی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بکرێتەوە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بەڵام دوای تەواوکردنی رێکارەکان بۆ کۆمیسیۆن دەینێرین و چاوەڕێی رەزامەندیی ئەوان دەکەین.''
 
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شوباتی 2021 بەڕێوەچوو و تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکە لە ''ئەمیر''ەوە بۆ ''سەرۆک'' گۆڕدرا.
 
ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سێ کورسی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە