رووداو دیجیتاڵ
وهزارهتی دادی عێراق دەڵێ، تەنیا له مانگی ئابدا، لە 15 کۆمەڵگەی سنووری شنگال، نزیکەی 6 هەزار و 500 خانوو تاپۆکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنیا لە مانگی رابردوودا، چوار هەزار و 160 خانوو له شنگال تاپۆکراون کە زەوییەکانیان سەر بە شارەوانییەکانی شنگال بوون و دوو هەزار و 323 تاپۆی دیکەی خانوو رادهستی خاوەنەکانیان کراون کە زەوییەکەی هی خۆیان بووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد گوتیشی، "224 مامهڵهی تاپۆكردنی خانووبهرهی تایبهت به ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش تهواوکراون و تاپۆكانیان رادهست كراوه، جگە له تهواوكردنی هەزار و 436 مامهڵهی تاپۆكردنی كۆمهڵگەی نیشتهجێبوون و رادهستكردنیان به خاوهنهكانیان [ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش]."
جهختیشی كردهوه، "ئهم ههنگاوه له چوارچێوهی ههوڵهكان دێت بۆ گێڕانهوهی ماف و چهسپاندنی دادپهروهری، پاش ئهو ههموو نەهامەتییەی كه ئهو ناوچانه بههۆی تاوانهكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشهوه بینیویانه".
موراد ساعدی ئاماژەی بەوەش کرد، "میكانیزمی نوێ پەیڕەوکراوە بۆ دڵنیابوون له بهڕێوهچوونی پرۆسهی تۆماركردن به شێوهیهكی دروست."
ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو خانووانەی تاپۆکراون دەکەونە سنووری 15 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە لە سنووری شنگال، کە زۆرینەیان دەکەونە نێو کۆمەڵگەکانی گرعوزێر، دووگرە، دووهۆلا، خانەسوور، سیبایە شێخ خدر، تل قەسەب، زۆراڤا، بۆرک و سنوونێ."
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 24ی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە تەواوکردن و خەرجکردنی قەرەبووی زیاتر لە 19 هەزار و 836 مامەڵەی زیانلێکەوتووانی دەستی داعش لە شنگال، گرعوزێر و ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەرەبووکردنەوەکە لە خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە دەگۆڕدرێ، بە گوێرەی ئەو زیانەی بەریان کەوتووە. لیژنەیەک پێشتر هەڵسەنگاندنی بۆ زیانەکان کردووە."
بە گوتەی خەلەف شنگالی، ماوەیەک بوو خەرجکردنی پارەی قەرەبووکردنەوەکە راگیرابوو، بەڵام بە هەوڵ و کۆششەکانیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا و بڕیارەکەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتە بە دادپەروەری بۆ زیانلێکەوتووان و قەرەبووکردنەوەیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی "بەهۆی تیرۆر و رووداوە دڵتەزێنەکانەوە" تووشی بوون.
لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، 6,417 کوردی ئێزدی لە هەردوو رەگەز رفێندران. بە هەوڵەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، تاوەکو ئێستا 3,590 کەس رزگارکراون و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەوانی دیکە بەردەوامن.
ئێستا زیاتر لە 280 هەزار کوردی ئێزدی لەنێو 15 کەمپ و دەرەوەی کەمپەکاندا لە ئاوارەییدا دەژین و گەڕانەوەیان بەندە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگالەوە.
رۆژی 12-11-2015 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە سێ قۆڵەوە دەستیپێكرد و لە 48 كاژێردا قەزاكە لە دەست چەکدارانی داعش ئازاد كرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ