رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە شاندێکی بارزگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان دەخەنە بەردەم کۆمپانیاکانی ئیمارات.
ئەمڕۆ دووشەممە 08-09-2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا، کە لە هەرێمی کوردستانن رایگەیاند: ''نوێنەری 32 کۆمپانیایان لەگەڵە و سەردانەکە دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە باشن و بەرەو باشتربوونیش دەچن.''
شاندە بازرگانییەکە بە سەرپەرشتیی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانن. محەممەد شوکری گوتی، ''لەدوای ئەم سەردانەیان، کۆمپانیاکانمان چەندین کاری دیکەی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان جێبەجێ دەکەن.''
بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان ئەمریکین. رۆژی 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانیی سەرۆکوەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کرد.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ''لەم کابینەیەدا، لە هەموو بوارەکانەوە بەتایبەتی پیشەسازیی خۆراک و کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان پەرەسەندنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستاش پێویستە لەم بوارانەدا سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرین.''
10ـی ئەیلوول، شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات. محەممەد شوکری گوتی: ''سەردانەکە بۆ ئەوەیە کە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ 50 کۆمپانیا بخرێنەڕوو، ئومێد دەکەین بەشێکیان وەبەرهێنانیان تێدا بکەن.''
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەو دەرفەتانەی بۆ وەبەرهێنان دەخرێنە بەردەم کۆمپانیا ئیماراتییەکان، کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و تەکنەلۆژیا لەخۆدەگرن.
وەک محەممەد شوکری دەڵێت، دوو رۆژ دواتر، شاندێکی بازرگانیی ئیماراتیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ