رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای ورمێ، زیاتر لە هەزار و 200 بەندکراو ئازادکراون. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەڵێت، لەو ماوەیەدا رەزامەندیی سکاڵاکاران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی 11 سزای لەسێدارەدانیش وەرگیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08-09-2025، ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئازادبوونی 1288 بەندکراوی لە 21ـی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو 21ـی ئاب راگەیاند و گوتی، ''تاوان''ـی ئەو بەندکراوانە بەئەنقەست نەبووە.
ناسر عەتەباتی ئاماژەی بەوە کرد، ئازادبوونی ئەو بەندکراوانە بە یارمەتیی خێرخوازان و لێخۆشبوونی سکاڵاکاران بووە کە 360یان لە هەڵمەتێکدا بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێن ئازاد کراون.
بەگوتەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە، لەنێو ئازادبوواندا 11 کەس بەهۆی کوشتن سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرابوو کە بە لێخۆشبوونی کەسوکاری کوژراوان، سزاکانیان جێبەجێ نەکران.
ئەو شێوە ئازادکردنە، زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لێی سوودمەند بن، کە بەهۆی ''تاوانەکان''یانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێبژاردن، خوێنبایی، قەرزی حکومی یان ناحکومییان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ