رووداو دیجیتاڵ
کارگەیەکی چپسی پەتاتەی هەولێر ساڵانە زیاتر لە 3 هەزار بنەتۆو لە هۆڵەنداوە هاوردە دەکات. ئەو بەسەر 150 جووتیاری کورد دابەشی دەکات بۆ ئەوەی بیچێنن. دوای پێگەیشتنیان پەتاتەکان لە جووتیارەکان دەکڕنەوە و دەیکەن بە 4 جۆر چپس و جگە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەناردەی ئوردن، سعودیە سوریا و ئیماراتی دەکەن.
شەعبان نەهار، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی B.E.P.P و دەڵێت، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندییەکان زۆر پتەوە و بەردەوامە، ئەوان پاڵپشتیمان دەکەن بە ئەزموونیان و راوێژمان پێدەدەن، پێمان دەڵێن چ جۆرە ئامێرێکی پێشکەوتوو بەکاربێنین، ئەوان چاکەیەکی زۆریان لەسەر ئەم کارگەیە هەیە کە بە چاوی خۆتان بینیتان."
ئەمە ژووری بازرگانیی هەولێرە، لە ترافیکی بازرگانی ئەم چەند رۆژەی پایتەخت، ژوورەکە رۆژی دووشەممە میوانداری 9 بازرگانی هۆڵەندییان کرد، بازرگانەکان لە سێکتەری جیاوازن، بەڵام زۆرترینیان تایبەتمەندن بە کشتوکاڵ.
یەرون یەک لەو بازرگانانەیە کە ئەندامی شاندەکەیە و ماوەی 10 ساڵە لقێکی کۆمپانیاکەی لە سەیدسادق کردووەتەوە. ساڵانە 50 هەزار شەتڵی گوڵ و نەمام دەهێنێ بۆ هەرێمی کوردستان.
یەرون هوممێل ئاماژە بەوە دەدات، "ئەزموونی من لێرە بۆی دەرخستووم کە پێکهاتەی خاکی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە یەک دەچێت و شوێنێکی گونجاو و لەبارە تاوەکو شەتڵی گوڵ و نەمام بهێنین و لێرە گەورەی بکەین دواتر بیفرۆشینەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ ئەم شاندە چاومان لەوەیە بازرگانی گەورە بکەین لێرە و بەدوای دەرفەت دەگەڕێین."
شاندەکە بڕیارە ماوەی 4 رۆژ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە لەگەڵ لایەنی حکومی و کەرتی تایبەت کۆببنەوە و بڕیارە سەردانی سلێمانیش بکەن.
بێرتریل سنۆیەر، جێگری کۆنسووڵی هۆڵەندا دەڵێت، "من دوو مانگە لێرەم، بەڵام سەرسامم بەوەی خەڵکی ئێرە زۆر ویستی پێشکەوتنیان هەیە، بۆیە زۆر حەزم بەم رۆحی پێشکەوتنەیە، پێموایە لێرە دەرفەتی باش هەیە بۆ هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان تاوەکو پەیوەندییە ئابورییەکانیان باشتر بکەن."
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لەبارەی بوونی ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە زۆر پێویستمان بەو وڵاتانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ژێرخانی ئابووری خۆمان بنیاتبنێینەوە."
هۆڵەندا سەرەڕای پانتای بچووکی، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی لە کەرتی پیشەسازی، دوای ئەمریکا، دووەمین هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جیهانە و یەکەمین بەرهەمهێنەری گوڵ، میوە و گۆشتە لە ئەورووپادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ