رووداو دیجیتاڵ
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانیان ئامادە نین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە تاوەکو رێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ نەکەن، کە تێیدا بەرپرسیارێتییەکان و میکانیزمی پێدانی شایستە داراییەکانیان روونکرابێتەوە.
کاگنز گوتی: "ئەپیکور هەمیشە جەختی لەو هەڵوێستە کردووەتەوە کە دەبێت رێککەوتنی نووسراومان هەبێت بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و شێوازی پارەدان بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە."
گوتەبێژی ئەپیکور ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی بەردەوام "لەپشت پەردەوە" لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوتدا هەیە و گوتی: "ئەم کۆبوونەوانە دەمانگەیێننە ئەو رێککەوتنانەی کە زۆر روونی دەکەنەوە چۆن پارەی کۆمپانیاکان دەدرێت، چ بۆ شایستە داراییەکانی رابردوو و چ بۆ ئەوانەی داهاتوو."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی ئاداری 2023ـەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. بە گوتەی کاگنز، لەو ماوەیەدا نزیکەی 30 ملیار دۆلار زیان بە هەموو لایەنەکان گەیشتووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کێ بەرپرسە لە دواکەوتنی رێککەوتنەکە، گوتەبێژی ئەپیکور، خۆیان لە تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بە دوور گرت، بەڵام گوتی: "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور سەرنجیان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرە. پێمانوایە ئەو چارەسەرانە کاتێک دێنەدی کە هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆ بەردەوام بن و سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندی ئامانجەکەی بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن."
مایڵز کاگنز روونیکردەوە کە کردنەوەی بۆرییەکە "سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت لە باشوورەوە تاوەکو باکوور" و یارمەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەدات.
سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا، کاگنز ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئێستا و پێشووی ئەمریکا "بە ئاشکرا پشتیوانیی ئەو هەوڵانەیان کردووە کە بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەدرێن" و کردنەوەی بۆرییەکە لە سەرووی کارنامەی حکومەتی عێراقەوەیە.
گوتەبێژی ئەپیکور ئەوەشی روونکردەوە، ئەو رێککەوتنانەی داوای دەکەن، گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو میکانیزمی نوێن بۆ رێزگرتن لەو گرێبەستانەی پێشتر لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوون. گوتیشی: "دەبێت ئەو گرێبەستانە لەلایەن حکومەتی ناوەندی، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆوە رێزیان لێبگیرێت."
مایڵز کاگنز جەختیشی کردەوە کە ئەو رێککەوتنانەی کاری لەسەر دەکەن "بە تەواوی لەگەڵ یاسای بودجەدا دەگونجێن" و کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ