رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێ، بەهۆی ئاگرەکەی مانگی رابردووی سنوورەکەوە دەیان خێزان زیانیان بەرکەوتووە و دوای دیاریکردنی قەبارەی زیانە مادییەکان، داوای قەرەبووکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
17ـی ئابی ئەم ساڵ، ئاگرێک سنووری گوندەکانی هەڵەبجەی گرتەوە. دوای سێ رۆژ و گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان و برینداربوونی 6 کەسی دیکە کە یەکێکیان قایمقامی شارەکە بوو، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەیەک ئەوەی ئاشکرا کرد پێنج هەزار دۆنم داری سرووشتی و پووش و پاوان سووتاوە، بەڵام چەندین باخی خەڵکیش سووتاون".
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێ، شوێن سووتاوە لە 1974ـەوە باخە و خزمەت دەکرێ: "ئێستا لیژنەیەک قەبارەی زیانەکان دیاریدەکات. دوای ئەوەی زانیمان چەند زیانی مادی هەبووە، بەگوێرەی رێکارەکان داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".
سمکۆ سالار گوتی: "پێنج بۆ 6 گوندی سنوورەکەمان زیانی مادیی زۆر زۆریان بەرکەوتووە؛ هەموو هەوڵێک دەدەین قەرەبوو بکرێنەوە".
بەهۆی ئاگرەکەی هەڵەبجەوە ئاری موختاری ژینگەپارێز و محەممەد شێخ حەیدەر، پۆلیسی دارستان گیانیان لەدەستدا. دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە سنوورەکە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ