رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک رایگەیاند، بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانی سەر پڕۆژەی رێگەی دهۆک-باعەدرێ، ناوی 29 کەس و 114 فۆرمی چاندنی دار و نەمام بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە.
رۆژی دووشەممە، 07ـی ئەیلوولی 2025، خەدیجە محەممەد، بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەپێی گرێبەستەکە، پێویستە رێگەکە لە مانگی حوزەیرانی 2027 تەواو ببێت، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە کارەکان بەڕێوەبچن، پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت.''
بە گوتەی خەدیجە محەممەد، لیژنەیەکیان پێکهێنابوو تایبەت بوو بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان دەکەوێتە سەر رێگەی دووسایدی دهۆک-باعەدرێ و گوتیشی: ''دوای تەواوبوونی کاری لێژنەکە، ناوی 29 خاوەن زەوی و 114 فۆرمی چاندنی دار و نەمام بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، تاوەکو رەزامەندی لەسەر قەرەبووکردنەوەیان و خەرجکردنی پارەکەیان بدەن.''
درێژیی رێگەکە 26 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی دهۆک گوتیشی: ''رێگەکە 7 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە، 70٪ی کارەکانی تەواو بووە، 8 کیلۆمەتری قیرتاوکراوە، سێ ئۆڤەرپاس تەواو بوون، کارکردن لە دوو ئۆڤەرپاسی دیکە گەیشتووەتە 50٪ و دیواری پاڵپشتیش بۆ 10 کیلۆمەتر دروستکراوە.''
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی دهۆک-باعەدرێ لە حوزەیرانی پار بەردی بناخەی دانرا و لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵیش دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ