رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانی پاییزدا لە هەرێمی کوردستان هۆشداری مەترسیی لافاو دەدرێت، بەرگریی شارستانی لە هەولێر و سلێمانی ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشگرتن بە دروستبوون و زیانەکانی لافاو دەستپێکردووە، لە دهۆک و هەڵەبجەش رۆژانی داهاتوو ئامادەکارییەکانیان دەستپێدەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی پێشبینییەکان لە کۆتایی ئەم مانگەوە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو ئەگەری لافاو لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەهێزە؛ ئێستا ناتوانرێت بە وردی ئەو شارانە دیاری بکرێت کە زۆرترین بارانی لێ دەبارێت".
بەرگریی شارستانی هەولێر: تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا نووسراو بۆ هەموو شارەوانی و یەکە کارگێڕییەکان دەکەن بۆ ئاگاداربوونیان لە مەترسییەکانی لافاو، بە ئامانجی پاککردنەوەی ئەو زبڵ و پاشماوانەی بوون بەهۆکاری دروستکردنی ئاستەنگ بۆ رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و ئەو شوێنانەی ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە.
میراودەلی گوتیشی، "تیمەکانی ئێمە لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە وەرزی پاییزدا؛ هەمووکات پێشوەختە پشت بە زانیارییەکانی کەشناسی دەبەستین بۆ ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکان."
بەرگریی شارستانی سلێمانی: ئامادەکاریمان دەستپێکردووە
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانمان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ هەر ئەگەرێکی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو."
ئارام عەلی گوتیشی، نووسراویان بۆ پارێزگای سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی شارەوانییەکانی قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە و سەنتەری سلێمانی ئاگاداربکەنەوە بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و چاککردنی مەنهۆڵەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەویش بە ئامانجی پاراستن لە ئەگەرەکانی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو".
بەگریی شارستانی هەڵەبجە: ئەم هەفتەیە ئامادەکاری دەستپێدەکەین
هەروەها رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم هەفتەیەدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی هەڵەبجە و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە دەستدەکەن بە پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو و ئاوەڕۆکان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی لافاو.
هاوکات بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانیان بۆ هاتنی وەرزی بارانبارین و ئەگەرەکانی لافاو دەستی پێنەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ