رووداو دیجیتاڵ
ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی گوێز لە ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە دروستبووە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، بەهۆی نزیکی کاتەکەوە لە فێستیڤاڵی هەنار رێگە نادەن فێستیڤاڵی گوێز بەڕێوەبچێت. سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی گوێزیش دەڵێت، رکابەری بە رێگریکردن نابێت و رێگەیان نەدەن فێستیڤاڵەکە دەبەنە هەولێر.
بڕیاربوو 12ـی ئەم مانگە یەکەمین فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان لە ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبچێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، سرووش سازانی، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەشتوگوزار و کشتوکاڵی هەڵەبجە بە پاساوی نزیکبوونی کاتی فێستیڤاڵەکەی ئێمە و فێستیڤاڵی هەنار، رێگەمان پێنادەن فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان بەڕێوەببەین."
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە ساڵانە لە رۆژانی کۆتایی ئۆکتۆبەردا فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەبەین؛ هەڵەبجە سنوورەکەی هێندە فراوان نییە لە ماوەیەکی کەمدا دوو فێستیڤاڵی تێدا بکرێت؛ بۆیە رێگری دەکرێت لە فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان لەو کاتەدا بەڕێوەبچێت کە دیارییان کردووە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتیشی، "رێگری بە بڕیاری تەنیا من نییە و کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە بە هەموو بەشەکانەوەیە؛ ئێمە، وەزارەتی کشتوکاڵ، دەستەی گەشتوگوزار و پارێزگای هەڵەبجە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە فێستیڤاڵی هەنار فراوان و رێکوپێک بکەین. سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی گوێز دەتوانن کاتەکە دوابخەن بۆ دوای فێستیڤاڵی هەنار."
لە بەرامبەردا سرووش سازانی، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان گوتی، "فێستیڤاڵی ئێمە نێودەوڵەتییە؛ ساڵی داهاتوو دەیبەنە رۆژهەڵاتی کوردستان و کار دەکەین بە ئاسانترین شێوە هاونیشتمانییانی هەورامانی دیوی هەرێمی کوردستان و هەڵەبجە بەرهەمەکانیان بگەیێننە ئەوێ؛ بۆیە جیایە لە فێستیڤاڵی هەنار؛ ئەوەی ئێمە لە هەڵەبجەش نییە و لە خورماڵە؛ رکابەریش بە رێگریکردن ناکرێت."
لەبارەی دواخستنی فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان، سرووش سازانی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر دوای بخەین دەبێت بکەوێتەوە دوای 15ـی مانگی 11ـەوە، ئەوەش ریسکە و بەهۆی کەشوهەواوە بەڕێوەچوونی قورس دەبێت، بەتایبەت لە هەڵەبجە و خورماڵ هۆڵی گەورە نییە بۆ فێستیڤاڵی بەو شێوەیەی ئێمە."
سەرپەرشتیاری یەکەمین فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان دەڵێت، "ئەگەر رێگرییەکان بەردەوام بن، ئەوە فێستیڤاڵەکە بەشێوەیەکی زۆر فراوانتر و بەناوی فێستیڤاڵی گوێز و هەنارەوە دەبەینە هەولێر و زۆرترین کۆمپانیای تێدا بەشدار دەکەین."
بڕیاربوو 12ـی ئەم مانگە فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان لە خورماڵ بەڕێوەبچێت و گوێزی هەورامانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بابەتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو بەرهەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکان و بەرهەمە دەستییەکانی هەورامان بخرێنەڕوو.
هەروەها بڕیاربوو لە فێستیڤاڵەکەدا چالاکی جیا بەڕێوەبچن، لەوانە گۆرانی و هەڵپەڕکێ، شیعر، شانۆ، فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هەورامان پێشکێشی ئامادەبووان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ