رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و ئەندامی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە لە دیمەشق بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی دوێنێی دیمەشق گرنگ بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، خۆهەڵوەشاندنەوە لای هەسەدە هێڵی سوورە.
عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نوورۆژی رووداودا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی دیمەشقدا گفتوگۆی "گرنگ" لەبارەی کێشە سەربازییەکان کران و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەست و رێگریکردن لە شەڕ کرایەوە.
7-10-2025 شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبووەوە.
هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری مەزڵووم عەبدی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و عەبدولوەهاب خەلیل ئاماژەی بەوە کرد، رۆڵی ئەمریکا لەو بوارەدا زۆر کاریگەرە.
عەبدولوەهاب خەلیل گوتی، پرسی رەققە و دێرەزوور لە رۆژەڤدا بووە و حکومەتی سووریا داوا دەکات هەسەدە لە دێرەزوور پاشەکشە بکات و ئەو گوشارانەش دەکرێن بۆ ئەو مەبەستەن. لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە بۆ ئەو بابەتە، بەرپرسەکەی مەسەدە گوتی، ئەو داواکارییە رەتکراوەیەوە.
نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق گوتی، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوا دەکەن ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکبهێندرێ و نوێنەرانیان لە بواری سیاسی و کارگێڕییدا لە پارێزگای دێرەزوور کاربکەن.
عەبدولوەهاب خەلیل وەک نموونەی رێککەوتن و پێکەوەکارکردن گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبی هێنایەوە و گوتی، رەنگە هەنگاوە سەرەتاییەکان لە دێرەزوور لەسەر ئەو بنەمایە بنرێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێشنیازی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزوور دەکات.
نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق باسی لەوە کرد کە هەسەدە هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی رەتدەکاتەوە و هەر جۆرە داواکاری و پێشنیازێکی لەو جۆرە بە هێڵی سوور ناودەبات، بەڵام گوتیشی، نابێت دوو سوپا هەبن.
عەبدولوەهاب خەلیل رایگەیاند، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی باسی بەڕێوەبردنی کاروباری سووریا و پرسی نانەوەندییان کردووە، بەڵام بۆچوونی جیاواز لەو بارەیەوە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ