رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆزانی نوێی یەکێتیی ئەورووپا و ئەڵمانیا لە عێراق کرد. لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا باسیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد.
رۆژی چوارشەممە، 08-10-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا پێشوازی لە کلێمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا و دانيێل كرێبهر، باڵيۆزى نوێى ئهڵمانيا لە عێراق کرد.
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کلێمێنس زێمتنەر پیرۆزبایی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق.
هەروەها بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا جەختیان لە "گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردەوە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسیان لە چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دانيێل كرێبهر، باڵيۆزى نوێى ئهڵمانيا لە عێراق لە دیدارەکەیان هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و "هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربڕی."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت: باڵیۆزی ئەڵمانیا خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
"بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون." لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ