رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پڕۆسەی چارەسەریی تورکیا بە ''دەستکەوتێکی گەورە'' ناودەبات و دەشڵێت: ''هەندێک پرسی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان هەن کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا لەسەریان کۆک بن".
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-10-2025، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی دووەم رۆژی دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێ، بەشدار بوو و کۆمەڵێک مژاری وەک پرسی پێکهێنانی حکومەت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پڕۆسەی چارەسەریی تورکیا خستە بەر باس.
سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بە روانگەی خۆی لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنبوون کرد و رایگەیاند: ''لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستوور یان یاسایەکی دروست بۆ چۆنێتیی پەیوەندی و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات نییە.''
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: ''لە عێراق نە دەسەڵاتداری بە دروستی دەکرێ و نە ئۆپۆزیسیۆنیش وەکو پێویست هەیە، بۆیە باسی عێراق دەکەم، چونکە ئەوەی لەوێ روودەدات، لێرەش (هەرێمی کوردستان) رەنگ دەداتەوە.''
سەلاحەدین بەهائەدین بۆ نەهێشتنی پەرتەوازەیی و یەکخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''چارەسەر بە رادیکاڵی و تووندڕۆیی ناکرێ، بەڵکو دەبێ بە شێوەیەکی مەدەنی، سیاسی و هاوچەرخ دەست بۆ یەکدی درێژ بکەین.''
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''هەندێک پرسی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان هەن پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا لەسەری کۆک بن، بۆ ئەوەی بکرێت بە ستراتیژیی وڵات. لەوانەش نەتەوە، نیشتمان و پێکەوەژیان. ئەمە دۆخەکە بەرەو باشتربوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر دەبات.''
بەگوتەی سەلاحەدین بەهائەدین، لەنێوان خەڵک، ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت جۆرێک لە بێمتمانەیی هەیە، ''بە جۆرێک کە هەندێکجار حکومەت کاری باش دەکات، بەڵام خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن متمانە بە کارە باشەکانیشی ناکەن.''
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بە کراوەیی ماوەتەوە. ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەڵێت، ''لە ئەگەری کاراکردنەوەی پەرلەمان، نابێ وەکو جاری پێشوو رێگە بە درێژکردنەوەی ماوەکەی بدرێت کە دواتر ببێتە هۆی داخرانی بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی.''
بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پڕۆسەیەکی یەک ساڵە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە و دەسەڵات، ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەم پارتییش دەڵێن، هەوڵ دەدەن ئەنجامی باشی هەبێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەلاحەدین بەهائەیدن ئاماژەی بە پڕۆسەکە کرد و گوتی، ''پرسێکی گرنگە بۆ گەلی ئێمە و دەستکەوتێکی گەورەیە. حەز دەکەین، بەشێوەیەکی ئەرێنی و مەدەنییانە، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش گەلی ئێمە بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بگات.''
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ