رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا چەندینجار هەوڵیانداوە، سەردانی ئارام قادر لە زیندان بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان پێنادەن. کوڕێکی ئارام قادریش دەڵێت، تاوەکو ئێستا چوار جار سەردانیان کردووە.
دەستەکە ئەمڕۆ چوارشەممە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کوڕێکی ئارام قادر سەردانی کردوون سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە، کوڕەکەی ئارام قادر لە سکاڵاکەیدا باسی لەوە کردووە، باری تەندروستی باوکی ناجێگیرە و داواشی کرد رێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی بکات بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری بۆ مەبەستی رێڕەوی یاسایی دۆسیەکەی.
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستگیرکراوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، لە 9-9-2025 نووسراوی ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. هەروەها چەندینجار داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە.
دەستەکە بە پشتبەستن بە یاساکەی کە لە ساڵی 2010 دەرچووە، بە مافی خۆی دەزانێت بەدواداچوون بکات لە چاکسازییەکان و بەندیخانەکان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بە مافی خۆی دەزانێت سەردانی ئارام قادر بکات و ئاگاداری دۆسیەکەی بێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، رێگریکردن لە سەردانیان بۆ لای ئارام قادر بە "پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکان" دەزانێت و دەڵێت: "کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی."
دەستەکە داوا دەکات، هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن بۆ سەردانی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پارێزەر بۆ لای ئارام قادر.
ئەحمەد ئارام قادر، کوڕی ئارام قادر بە رووداوی راگەیاند، دوایینجار سێ هەفتە لەمەوبەر سەردانی باوکی کردووە و گوتی: "باوکم نەخۆشیی درێژخایەنی دڵ و شەکرەی هەیە، داوای دەرمانەکانی کردبوو و بۆمان برد."
ئەحمەد ئارام قادر رایگەیاند، وەکو خێزانەکەی چوار جار سەردانی ئارام قادریان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان بە پارێزەرەکەی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نەداوە سەردانی بکەن و لە شوێنەکەی و تەندروستیی ئەو ئاگادار بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ