رووداو دیجیتاڵ
زۆریی مارەیی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ گەنج و خێزانەکان. لە پەرلەمانی وڵاتەکەش پڕۆژەیاسایەک بۆ کەمکردنەوەی مارەیی ئامادەکراوە.
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: "لەگەڵ ئەوەدام ئەم بابەتە راست بکرێتەوە، بەو پێیەی 4 هەزار گەنج بەهۆی مارەیی لە زیندانن و دەسەڵاتی داد دەڵێ، توانای دانەوەیان هەیە. پڕۆژەکەشم خوێندووەتەوە و دەنگی پێدەدەم. بەڵام هەندێک تێبینی لەسەری هەن، بۆیە گەڕاندمەوە لیژنەکە بۆ ئەوەی چاک بکرێت."
جگە لە خراپیی دۆخی ئابووری و گرانبوونی زێر، بڕی زۆری مارەیی بووەتە بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم پێکهێنانی هاوژینی.
لە ئێران تاوەکو 110 لیرەی زێڕ وەک سەقفی فەرمیی مارەیی دیاریکراوە، بەڵام هەشە مارەییەکەیان بە سەدان لیرەی زێڕە. پەرلەمانی وڵاتەکە بەنیازە بڕەکەی بۆ 14 لیرەی زێر کەم بکاتەوە.
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران: "گەنجێک کە هێشتا کاری نییە و مووچەی نییە، ئەوە چۆن دەتوانێ 1000 لیرە مارەیی بدات؟ نە خۆی هەیەتی و نە باوکی هەیەتی."
ژنان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. بەشێکیان لەگەڵ کەمکردنەوەی بڕی مارەیین و بەشێکێشان ناڕازین و پێیانوایە، مافیان پێشێل دەکرێت.
ژنێک لەوبارەیەوە دەڵێت: "نەریتێکی هەڵەمان هەیە، پێویستە یاسادانەر ئەمە نەهێڵێت. با مارەیی نەمێنێ. بە پێچەوانەوە، دانانی مەرجی هەبوونی توانای دارایی پیاو، دوایین کارتی گوشاری ژنانە و من لە دژیم."
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی ئێران، زیاتر لە چوار هەزار کەس بەهۆی ئەوەی توانانی دانی مارەیی هاوژینەکانیان نەبووە، لە زیندانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ