هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: گەمارۆی سەر گەڕەکەکانمان لانەبراوە

08-10-2025
نالین حەسەن
نالین حەسەن
دانانی بەربەست بۆ گەمارۆدانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب.
دانانی بەربەست بۆ گەمارۆدانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێڤین سولەیمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەڵێ، گەمارۆی سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکە بەردەوامە و بەربەستە خۆڵییەکان لانەبراون.
 
هێڤین سولەیمان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نووڕۆژ)ی رووداودا ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئارامە لە بواری ئەمنییەوە، بەڵام گەمارۆکە کاریگەری هەبووە. 
 
دوای گرژییەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، رۆژی 7-10-2025 ئاگربەست راگەیێندرا.
 
هێڤین سولەیمان گوتی: "تاوەکو ئێستا گەمارۆی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە. بەربەستە خۆڵییەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لانەبراون و رێگەکان بۆ گەیشتن بە هەردوو گەڕەکەکە گیراون. هاووڵاتییان ناتوانن نە بچنە نێو گەڕەکەکان و نە لێیان دەربچن."
 
بە گوتەی هێڤین سولەیمان، ئەوەی دەکرێ سیاسەتێکی بەمەبەستە کە دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئاڵۆزی لە هەردوو گەڕەکەکەدا دروست بکرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزەی سەر بە حکومەتی سووریا کە لە نزیک گەڕەکەکان کۆببوونەوە، هێشتا پاشەکشەیان نەکردووە.
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە سەرنجی خستە سەر دۆخی مرۆیی ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب و گوتی: "رێگریکردن لە هێنانی دەرمان و خۆراک هەیە. دۆخەکە سەختە، بەڵام خەڵک بەرگری دەکات، چونکە ئەمە شتێکی نوێ نییە. پێشتر بۆ چەندین ساڵیش لەژێر گەمارۆدا بووین."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا، هێڤین سولەیمان رایگەیاند، کۆبوونەوە لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی بۆ بەردەوامیدان بە رێککەوتنەکەی 1ی نیسان دەکرێن و گوتی: " نامانەوێ شەڕی دیکە رووبدات؛ دەمانەوێت کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکەین."
 
لە 1ی نیسانی 2025دا حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنێکیان لەبارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە واژۆکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.