رووداو دیجیتاڵ
دەریاچەی ورمێ، یەکێک لە گەورەترین دەریاچە سوێرەکانی جیهان، ماوەی چەند ساڵێکە رووبەڕووی وشکبوونەوەیەکی کارەساتبار بووەتەوە. ئێستا، لەبری ئاوی شین و ژیانبەخش، زۆربەی رووبەرەکەی بووەتە بیابانێکی خوێ و گەردەلوولەکانی خوێش بوونەتە میوانی نەخوازراوی شار و گوندەکانی دەوروبەری، کە مەترسییەکی گەورە بۆ ژیانی ملیۆنان کەس دروست دەکات.
ژینگەپارێزێکی کورد دەڵێت: "ئێرە گۆڵی ورمێیە، بەڵام زۆر بەداخەوە تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە. گۆڵ شوێنێکە کە ئاوی لێیە، بەڵام لێرە تەنانەت دلۆپێکی ئاویشی نییە و نەماوە. نەمانی ئەم ئاوە و لەناوچوونی ئەم ژینگەیە و لەناوچوونی گۆڵی ورمێ، ئەنجامی رەفتار و سیاسەتێکی نەشیاو و دژە ژینگەییە."
ئەم "گەردەلوولە خوێیانە" کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەندروستیی خەڵکی ناوچەکە هەیە، لەوانە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و چاو.
هاوکات، کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی ناوچەکە دەبێت، چونکە خوێی خاکەکە ژەهراوی دەکات و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەکاتەوە. هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بریتین لە وشکەساڵی، کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ساڵانی رابردوودا، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی کە دەڕژانە نێو دەریاچەکە، کە رێژەی ئاوی دەریاچەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە، هەروەها بەکارهێنانی زۆری ئاو لە کەرتی کشتوکاڵی دەوروبەری دەریاچەکە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
عەلی بەیتوڵڵاهی، سکرتێری لیژنەی نیشتمانیی مەترسییە سرووشتییەکانی ئێران، هۆشداری دەدات کە وشکبوونی دەریاچەکە کاریگەری لە ژیانی 15 ملیۆن کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری دەکات، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
عیسا بوزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران، دەڵێت: "دەریاچەی ورمێ بەداخەوە بووەتە هێمای سیاسەت و بەڕێوەبردنی هەڵەی سامانی ئاو و کشتوکاڵ لە وڵاتەکەمان. هەروەها ئەو هەموو هەنگاوانەی بە درێژیی ئەم ساڵانە بە تێچوویەکی زۆرەوە بۆ ژیاندنەوەی نراون، بەداخەوە ئەنجامیان نەبووە. لەبەر ئەوەی بەشی سەرەکیی کارەکە کە کەمکردنەوەی 40٪ی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵە بەلاوە نراوە."
بەرپرسانی ئێران لەبارەی مەترسییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر هیچ چارەسەرێک بۆ ژیاندنەوەی نەدۆزرێتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسیی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەکە بۆ شار و ناوچەکانی دیکە دەستپێدەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتەکەدا.
چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە پێویستی بە پلانێکی گشتگیر و درێژخایەن هەیە کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵ، گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوەکانی دیکەوە و بەڕێوەبردنی گونجاوی سەرچاوە ئاوییەکان لەخۆ بگرێت.
بەبێ ئەم هەنگاوانە، دەریاچەی ورمێ لەوانەیە بۆ هەمیشە وەک بیرەوەرییەک لە مێژوودا بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ