بزووتنەوەی گۆڕان لیستی بۆ هەڵبژاردن نییە و خۆشی یەکلایی نەکردووەتەوە

08-10-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن ناکات و بڕیاریشی نەداوە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردندا بکات، هەردوو ئاراستەی بزووتنەوەکە چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانین کە لەناو هەردوو ئاراستەکەدا بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە. 
 
رۆڤان سەروەت، رێپێدراوی ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەداوە، چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی دەکەن". 
چوار بژاردە لەبەردەم ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان هەن کە بایکۆتی هەڵبژاردن، پشتیوانیکردنی لایەنێکی سیاسی یان بەربژێرێکی سەربەخۆ یاخود بڕیارنەدان لە هیچ کام لە سێ بژاردەکەی دیکە. رۆڤان سەروەت گوتی،" جڤاتی نیشتمانی هەر بڕیارێک بدات پێوەی پابەند دەبین". 
 
ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان راپرسییەکی ناوخۆیی کردووە، یەکێک لە پرسیارەکانی راپرسییەکە تایبەتە بە مامەڵەی ئەو ئاراستەیەی بزووتنەوەکە لەگەڵ هەڵبژاردن. رێپێدراوی ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی،" چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەکەین و ئێستا ئەنجامەکەی ئامادە نییە". 
 
ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان دووجار داوای بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشکێش کردووە، بەڵام بە گوتەی رێپێدراوەکەی لە کۆمیسیۆن بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی دامەزراندنەوە رێگرییان لێکراوە. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لەناو سەکردایەتیی ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان، خواستی بایکۆت هەیە، بەڵام تائێستا نەبووەتە بڕیارێکی فەرمی. 
 
ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕانیش هاوشێوەی ئاراستەکەی کوردسات، بێ بڕیارە و چاوەڕوانی جڤاتی نیشتمانییە کە لەناو هەر دوو ئاراستەکەدا بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانە. 
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی (ئاراستەی گردی زەرگەتە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانین، بەڵام جارێ دیار نییە کە بڕیار لەسەر ئەم پرسە دەدات یاخود نا. 
 
ئاراستەی گردی زەگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان، پێشتر هیچ داواکارییەکی بۆ  بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشکێش نەکردووە، بەڵکو داوای کردبوو بۆ ماوەی شەش مانگ بزووتنەوەک سڕ بکرێت. نزار مەحموود گوتی،" دەمانزانی رێگەمان پێنادەن بەشداری بکەین، بۆیە داواکاریمان پێشکێش نەکردووە". 
 
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی ئەوکاتی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک و تاوەکو داخستنی دەرگای گردی زەرگەتە و کردنەوەی مەکۆیەکی دیکە لە گەڕەکی کوردسات بەناوی بارەگای سەرەکی گۆڕان سەری کێشا.
 
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنگرە کە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بە کۆنفرانسی نیشتمانی ناسراوە، بزووتنەوەکە ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەکە بکات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە