مامۆستایانی سەقز هۆشداریی لە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان دەدەن

08-11-2022
فریا یونسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک لە مامۆستایانی سەقز لە راگەیێندراوێکدا؛ هۆشداری لە هاوکاریکردنی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەو شارە لەگەڵ پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و قوتابییان لە خۆپێشاندانەکاندا دەدات.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی دووشەممە 7-11-2022 بە نێوی مامۆستایانی سەقز و لەلایەن ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێرانەوە بڵاوبووتەوە؛ مامۆستایانی سەقز هۆشداری دەدەنە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی و بەرپرسی پاسەوانی پەروەردەی سەقز بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لە پرۆسەی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و هەروەها دەستگیرکردنی ئەو قوتابییانەی بەشداریان لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە درێژەی سەرکوتی دەنگی ناڕەزاییەکانی سەرهەڵدانی ژینادا، ئەمجارە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەقز، دەستیانکردووە بە کەمکردنەوەی مووچەی ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستایانی بەشداربوو لە خۆپێشاندانەکان."
 
هەروەها باس لە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایانی سەقز بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان بە مەبەستی لێپێچینەوە دەکەن و دەڵێن؛ لە چەند هەفتەی رابردوودا لانیکەم ناوی 8 مامۆستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سەقزەوە، دراوە بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیکاریی پەروەردەی پارێزگای سنە و ژمارەیەک لە مامۆستایانیش لەلایەن ئیتلاعات و بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی پەروەردەی سەقزەوە، بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەشدا، باس لەوە دەکەن؛ لە 50 رۆژی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەقز، هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی کردووە بۆ جێگیرکردنیان لە قوتابخانەکان و چاودێریکردنی قوتابییانی ناڕازی و لە چەند قوتابخانەی وەکو "مێعراج"، "غەزە" و "نیایش"، هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەک قوتابییانی ناڕازییان "رفاندووە".
 
مامۆستایانی سەقز لە کۆتایی راگەیێندنەکەدا سەرکۆنەی ئەو کردەوانەی بەرپرسانی پەروەردەی سەقز دەکەن و دەڵێن؛ بەرپرسی پەروەردەی سەقز و بەرپرسی بەشی ئەمنیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەو شارە، بەرپرسن لەو رێکارانەی کە بەرامبەر بە مامۆستایان و قوتابییان گیراوەتەبەر و لە داهاتوویەکی نزیکدا، رێکاری تایبەت دەگیرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە و تۆڵەسەندنەوە لێیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی قەرەتەپە

جارێکی دیکە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی قەرەتەپە کرایەوە

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی قەزای قەرەتەپە دەکاتەوە و مانگێکی بۆ دیاریکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، "مەرج نییە پۆستەکە تەنیا بۆ خەڵکی قەرەتەپە بێت."