رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک شاری مامۆستایان لە شاری سلێمانی، باڵەخانەیەک لەکاتی تێکردنی چیمەنتۆی سەقفێکیدا بەشێکی رووخا و بەهۆیەوە پێنج کرێکار بریندار بوون.
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، لەکاتی رووخانەکەدا چەند کرێکارێک لەژێر باڵەخانەکەدا بوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانیش دەڵێت، پێنج کەس بریندارن و گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 08-11-2023، چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرامبەر شاری مامۆستایان لە شاری سلێمانی باڵەخانەیەک لەکاتی تێکردنی سەقفێکیدا رووخا و بەهۆیەوە چەند کرێکارێک برینداربوون".
هاوکات سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی رووداوەکەوە پێنج کەس برینداربوون و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.
سامان نادر گوتیشی، تەندروستی هەر پێنج بریندارەکە باشە و لەژێر چاودێری پزیشکدان.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، 30 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 24 کرێکاریش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکە، زۆرترین گیانلەداستدانی کرێکاران لە سلێمانی تۆمار کراوە کە 13 کرێکار بووە؛ دوای سلێمانی لە ئیدارەی گەرمیان 8 کرێكار گیانیان لەدەستداوە. لە هەولێر 7 کرێکار، دهۆک 1 کرێکار و لە زاخۆش کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئاماری گیانلەدستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ