رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، پۆستەری بەربژێرەکانی پارتی دڕێندراون و سووتێندراون، ئەوانیش لە بەرامبەردا سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە.
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش لە کەرکووک دەڵێت، سکاڵاکەیان وەرگرتووە و بەرزی دەکەنەوە بۆ سەرووی خۆیان لە بەغدا.
مەسعود پەروێز، بەربژێری ژمارە 2ـی لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دژی سووکایەتیکردن و دڕاندنی پۆستەری بەربژێرەکانمان سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".
ئەو بەربژێرەی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، پۆستەری بەشێکی زۆری بەربژێرانیان دڕێندراوە و هەندێکیشیان وەکو سووکایەتییەک سووتێندراوە.
لەبارەی سکاڵاکەوە، عەلی عەباس زیاب، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دڕاندنی وێنە و پۆستەری بەربژێرەکانی لە کەرکووک سکاڵای تۆمار کردووە و کەسیشیان تۆمەتبار نەکردووە بە دڕاندنی پۆستەرەکان و نازانن کێ بەرامبەریان ئەو کارانە دەکات.
عەلی عەباس گوتی، کۆمیسیۆن رێکاری کارگێڕی و یاسایی دەگرێتەبەر و سکاڵاکە بەرز دەکاتەوە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا.
01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 بەڕێوەچووە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەنەچووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ