رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە رووداوەکان ئێوارەی دوێنێ هەینی 07-11-2025 لە نزیک شاری نوورئاوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا. یەدوڵڵا نادری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و پیژۆ 405 پێکیاندا داوە.
بە گوتەی یەدوڵڵا نادری، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون کە دوای دەرهێنانەوەیان، گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
هاوکات لەسەر رێگەی روانسەر-جوانڕۆی پارێزگای کرماشان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 206 خۆی بە پاسێکدا کێشا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
وەک زانا یوسفی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی جوانڕۆ گوتی، 9 کەسیش لە رووداوەکەدا بریندار بوون و سەرجەمیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەیەکی شارەکە.
هەر ئێوارەی دوێنێ، لەسەر رێگەی پیرانشار-نەغەدەی پارێزگا ورمێ، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و تۆیۆتا روویدا کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، پێنج کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندار بوون.
حەمید مەحبووبی ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ شەو لەسەر رێگەی ورمێ-سەڵماسیش بەهۆی پێکدانانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ پارس و ئێم ڤی ئێم، نۆ کەس بریندار بوون.
لە شەقامی عارفی ناوەندی پارێزگای ورمێش دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی پراید و پیژۆ 405 پێکیاندادا و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون. فەرزین رەزازادە، بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، سەرجەم برینداران رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە دادپزیشکیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025، 10 هەزار و 414 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 202 هەزار و 145 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ