رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیارە سبەی پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری بنەسڵاوە دابەش بکرێن.
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زەوییەکان سبەی دەدرێنە فەرمانبەرانی سنووری قەزاکەمان".
لەبارەی شوێنی زەوییەکانەوە زریان سەباح گوتی: "زەوییەکان هەر لە سنووری سەنتەری قەزای بنەسڵاوە دەبن".
تاوەکو ئێستا لە هەولێر، پێنج جار زەوی دابەشکراوە؛ جارێک 4 هەزار پارچە؛ جارێک 14 هەزار پارچە؛ جارێک 7500 پارچە، جارێک هەزار پارچە و دووایین جاریش لە عەینکاوە هەزار و 148 پارچە زەوی دابەش کران.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە هەمان شێوەی بنەسڵاوە، لە سنووری دارەتوو و کەسنەزان لە هەولێر زەوی دابەش بکرێ.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ