رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێ، سبەی 16 هەزار پارچە زەوی لە کەسنەزان، بنەسڵاوە و دارەتوو دابەش دەکرێن.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی 16 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو ناچانەدا دابەش دەکرێ".
دابەشکردنی زەوییەکان لە رێوڕەسمێکدا دەبێت لە کاژێر 04:00ـی دوای نیوەڕۆی سبەی یەکشەممە 09-11-2025.
ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن پێنج هەزاریان لە سنووری قەزای بنەسڵاوە دەبن.
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زەوییەکان دەدرێنە فەرمانبەرانی سنووری قەزاکەمان".
لەبارەی شوێنی زەوییەکانەوە، زریان سەباح گوتی: "زەوییەکان هەر لە سنووری سەنتەری قەزای بنەسڵاوە دەبن".
تاوەکو ئێستا لە هەولێر، پێنج جار زەوی دابەشکراوە؛ جارێک 4 هەزار پارچە؛ جارێک 14 هەزار پارچە؛ جارێک 7500 پارچە؛ جارێک هەزار پارچە و دووایین جاریش لە عەینکاوە هەزار و 148 پارچە زەوی دابەش کران.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ