رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە چڕکراوەتەوە و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێ، دەستیان بە قیرتاوکردن کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگەکە تونێلێکی تێدەکەوێ و کاری تێدا دەکەن.
محەممەد خالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگەی هەولێر - کۆیە لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دەستمان بە قیرتاوکردنی دووسایدەکە کرد کە نزیکەی پێنج کیلۆمەتری ئامادەیە بۆ قیرتاو".
درێژیی رێگەکە 36.8 کیلۆمەترە. محەممەد خالید گوتی: "بەگشتی کارکردنمان لە دیوی هەولێرەوە گەیشتووەتە ئەودیوی دێگەڵە، واتە نزیک بووەتەوە لە 30 کیلۆمەتر".
لە پڕۆژەکەدا بە چڕی کار دەکرێت کە بە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کار لە رێگەی هەولێر و کۆیەدا دەکەن، ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانیان دەگاتە 1500 کەس.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێ: "وەرزی زستان رێگەبدات، ئەو شوێنانەی بەردی شکاویان تەواو بووبێ لە کاتێکی زوودا قیرتاو دەکرێن".
محەممەد خالید ئاماژەی بەوەشکرد: "کارکردن لە پردەکانی رێگەکە دەستیان پێکردووە، تونێلێکیشی تێدەکەوێ لەنێوان کەسنەزان و گۆمەسپان. لە هەموو لایەکەوە و کارکردنمان بەردەوامە".
بودجەی سەرەکی پڕۆژەکە 560 ملیار دینارە و بۆ تەواوبوونی 1275 رۆژ دیاریکراوە، بەڵام وێڕای سەختیی رێگەکە، کۆمپانیای جێبەجێکار لە پلانیدایە پێش وادەی دیاریکراو دووسایدی کۆیە – هەولێر تەواو بکات.
رۆژی 10-10-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند: "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
رێگەی کۆیە - هەولێر یەکێک لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستانە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پێشووی پارێزگای هەولێر، دوای دووسایدکردنی رێگەکە ماوەکەی لە کاژێرێکەوە بۆ کەمتر لە 30 خولەک کەم دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ