رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر بۆ یەکەمجار نەشتەرگەرییەکی دەگمەن کرا، کە تایبەت بوو بە گۆڕینی دەنگی کەسێک لە دەنگی ئافرەتانەوە بۆ پیاوان، یەکێک لەو پزیشکانەی نەشتەرگەییەکەی کردووە دەڵێت"پێویست ناکات ئەو کەسانەی ئەم کێشەیان هەیە بۆ ئەم نەشتەرگەرییە بچنە دەرەوە".
نەخۆشخانەی رزگاری لەهەولێر لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد "بۆ یەکەمجار لە لایەن ستافی نەشتەرگەریی قورگ و لوت و گوێ جۆرە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ پیاوێک کرا، کە کێشەی دەنگ ناسکی هەبوو، توانرا دەنگی بگۆڕدرێت بۆ دەنگی پیاوانە و نەشتەرگەریەکە بەسەرکەوتوویی کرا".
د.هێمن سابیر شوانی ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نەشتەرگەرییە یەکەمجارە لەکوردستان دەکرێت، لە نەخۆشخانەیەکی حکومی، نەخۆشەکە کێشەی ئەوەی هەبوو دەنگی ناسک بوو کە هەندێک پیاو بەدەستییەوە دەناڵێنن و دەنگیان لەگەڵ تەمەنیان ناگۆڕێت و دەنگی منداڵییان دەمێنێت، بۆیە لە رێگەی نەشتەرگەریی کڕکڕاکەی قوڕگەوە دەنگمان گۆڕی".
بە گوتەی ئەو پزیشکە نەشتەرگەرییەکە هەفتەی رابردوو کراوە، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامەکەی بوون و ئەمڕۆ نەخۆشەکە پێیگوتن کە دەنگی گۆراوە و هەستی پێدەکات، هەرچەندە بۆ تەواوگۆڕانی دەنگەکەی سێ مانگ پێویستە، بەڵام ئیدی پاش چەند رۆژێک گۆڕانکارییەکە هەستپێدەکرێت.
بەپێی نەخۆشخانەی رزگاری ستافی نەشتەرگەرییەکە پێکهاتبوون لە پزیشکانی پسپۆر د.هێمن شوانی، د.بەشیر خۆشناو، پزیشکی نیشتەجێی دێرین د.دەریا یوسف و پەرستاران خاتوو حسیبە عومەر و هەڵاڵە عومەر، لەگەڵ سەرکەوت هیمداد لێپرسراوی بەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ