رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی کوردی دانیشتووی حەفتەغار لە سنووری کەرکووک بە دار و بەرد رووبەڕووی عەرەبی هاوردە بوونەوە کە دوێنێ ویستیان زەوییەکانیان داگیربکەن. لە ماوەی سێ رۆژدا هاوردەکان زیاتر لە دوو هەزار و 500 دۆنم زەویی جووتیارانی کوردیان کێڵاوە.
جووتیارانی کورد دەستیان بەسەر ئەو تراکتۆرەدا گرت کە هاوردەکان زەوییەکانیان پێ دەکێڵا. دواتر هاوردەکان بە دەمانچە و تاپڕ و کڵاشینکۆف روویان لە سنوورەکە کردەوە و تەقەیان لە جووتیارانی کورد کرد.
ئەرکان عەلی بابا، جووتیاری سنووری حەفتەغار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەک پیکابێک پیاوی هێنا لەگەڵ دوو دەمانچە و چەک و تاپڕێک. بە دەمانچە و تاپڕ تەقەیان دەکرد."
دوو جووتیاری کورد لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هاوردەکان برینداربوون. مام قادر کە تاپۆی ساڵی 1972 و، گرێبەستی 2018ـەی زەوییەکەی بەدەستەوە بوو، لە کاتی پارێزگاریکردن لە خاکەکەی برینداربوو. جگە لەو، جووتیارێکی دیکەش بە ناوی یوسف رەزا لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا بریندار بوو، بەڵام لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵاکەدا، پۆلیس بە ماددەی 413 سکاڵاکەیانی وەرگرتووە.
یوسف رەزا، جووتیارێکی دانیشتووی حەفتەغارە و دەڵێت، "ئەو بە ماددەی شەڕ بۆمانی نووسیوە. من باوەڕم پێی نییە، چونکە هەموو دەزگاکان هی خۆیانن."
عەبدلقادر محەممەد، یەکێکی دیکە لە جووتیارە بریندارەکان باسی لەوە کرد، "لە کاتێکدا چەکی بەکارهێناوە، کەچی بە ماددەی 413ی بۆمان نووسیوە."
هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکە بۆ نێوەندگیریی جووتیارانی کورد و هاوردەکان دەستوەردانیان کردووە. فەرماندەیەکی ئەو هێزە رایگەیاندووە، هەر زەوییەک بڕیاری دادگەی لەسەر نەدرابێت، رێگە نادەن کاری لەسەر بکرێت.
محەممەد ئیبراهیم، موختاری گوندی مەنسور دەڵێت، "ئەو زەوییەی دادگە گەڕاندوویەتییەوە بۆ کورد یان بۆ هاوردەکان، کێشەی لەسەر نییە، بەڵام جگە لەو زەوییانە ئەوانەی دیکە دەبێ دادگە یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری جووتکردنی بدات."
ئەگەرچی زۆربەی زەویی سنووری حەفتەغار لە داقووق تاپۆ یان گرێبەستی هەیە و بە ناوی جووتیارانی کوردەوەیە، بەڵام هاوردەکان بە نووسراوی سەردەمی بەعس و وەک جووتیارانی کورد دەڵێن، "بە پشتیوانیی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک و هێزی سەربازی و دادگەکانەوە" دەچنەسەر خاکەکەیان و زۆربەیان داگیرکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ