رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی نوێدا هەر خاوەن تەکسییەک لۆگۆی لە تەکسییەکەی نەدابێت، 100 هەزار دینار سزا دەدرێت، بەڵام ئەگەر مامەڵەی لێدانی لەزگەی کردبێت و تەواوی نەکردبێت، 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.
پڕۆژەی لێدانی لەزگەی تایبەت بە تەکسییەکانی نێو شارەکان و هێڵەکانی دەرەوەی شار زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی، 08-12-2023، ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەر تەکسییەک لۆگۆی لێ نەدرابێت، بە پێبژاردن سزا بدرێت.
ئازاد ئەحمەد گوتی، "دوای کۆبوونەوەیەکی هاتووچۆی پارێزگاکان و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا تاوەکو1ـی تشرینی دووەمی 2023، هەر تەکسییەک لۆگۆی پێوە نەبوو شۆفێرەکەی سزا بدرێت، بەڵام لەبەر دۆخی دارایی هاونیشتمانییان جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ ساڵی نوێ دواخرا.
کارگێڕەکەی سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی گوتی، هەر خاوەن تەکسییەک مامەڵەی لۆگۆی کردبێت و تەنیا لۆگۆکەی لە ئۆتۆمبێلەکەی نەدابێت، بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت؛ ئەو شۆفێرانەشی هیچ مامەڵەیەکیان بۆ وەرگرتنی لۆگۆ نەکردووە، هاتووچۆ دۆسێیەکەیان رەوانەی گواستنەوە دەکات و بە 100 هەزار دینار سزا دەدرێن.
ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارەکە تەنیا بۆ سلێمانی نییە و تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 هەزار تەکسی لە هەرێمی کوردستان لۆگۆیان لێ دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ