ئەنجوومەنی ئاسایش: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە هەولێر کردە ئامانج

08-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەو زانیارییانەی خستووەتەڕوو، بەبێ وردەکاریی زیاتر.
 
ئەنجوومەنەکە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ راگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە بە بەرپرسیار دەزانێت.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
 
کەمێک بەر لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە".
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەنجامدەری هێرشەکە کێیە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان وەک موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، 78 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 60 سەرباز و کارمەندی ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
 
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا پێنج جار هێرشی کردووەتە سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران؛ سێجار لە سووریا، جارێک لە عێراق و جارێک لە کەرکووک لە باشووری کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.