رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، مانگی رابردوو نزیکەی 33 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی شار و فێرکارییان کردووە. لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزاریان سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە.
رۆژی هەینی 08-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی سەردانکردنی دوو نەخۆشخانەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، 27 هەزار و 241 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە. لەو ژمارەیە 20 هەزار و 218 نەخۆشیان سەردانی فریاکەوتنیان کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە مانگی 11دا پێنج هەزار و 720 نەخۆش بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەکە هێڵدراونەتەوە؛ هاوکات هەزار و 301 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەکە کراون و 76 هەزار و 880 شیكاری تاقیگەیی و دوو هەزار و 835 هێڵكاری دڵ بۆ نەخۆشان کراون.
تەندروستیی سلێمانی لە ئامارێکی دیکەدا کە هەر ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، مانگی رابردوو سێ هەزار و 284 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی فێركارییان لە سلێمانی کردووە؛ لە هەمان نەخۆشخانە 369 نەشتەرگەری جۆراوجۆر کراون.
لە رۆژی 04-12-2023 نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە شاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەکەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 12 هەزار و 896 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە مانگی 11دا 257 کەس بەهۆی برینداربوون بە رووداوەکانی هاتووچۆ براونەتە نەخۆشخانەکە؛ هەروەها 28 نەخۆش بەهۆی ئەوەی سەگ گەستوونی، 10 کەس بەهۆی پێوەدانی دووپشک، دوو کەسیش بەهۆی مارپێوەدان و 11 کەسیش بەهۆی کارەبا گرتنەوە براونەتە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر.
لە مانگی 11دا 343 نەشتەرگەریی جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر کراون؛ زۆرینەیان نەشتەرگەریی شکان بوون کە 183 نەشتەرگەری بوون؛ هەروەها 50 نەشتەرگەریی مێشك و بڕبڕەی پشت؛ 42 نەشتەرگەریی گشتی و جوانكاری و 57 نەشتەرگەریی گشتی کراون.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بە پشکنینە پزیشکییەکانی مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر کراوە و راگەیێندراوە، 25 هەزار و 378 پشکنین کراون کە زۆرینەیان پشکنینی تاقیگە بوون، کە 16 هەزار و 98 پشکنین بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ