دوایین زانیاریی لەبارەی ئاگرەکەی سۆران؛ 14 کەس گیانیان لەدەستدا

08-12-2023
سۆران حوسێن
هاونیشتمانییان لەبەردەم باڵەخانە سووتاوەکەدا کۆبوونەتەوە.
هاونیشتمانییان لەبەردەم باڵەخانە سووتاوەکەدا کۆبوونەتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی هەینی ئاگر لە باڵەخانەیەک لە قەزای سۆران کەوتەوە و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندارن. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە روون نییە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش داوای بەدواداچوونی جیدی دەکات؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی دووکەڵەوە بووە.
 
شەوی هەینی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جوندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
5 لەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن"
 
کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "14 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بریندار بوون".
 
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سۆران جگە لە پشتڕاستکردنەوەی گیانلەدەستدانی 14 کەس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا ئەوە روون بووەتەوە کە پێنج کەسیان کوردی رۆژئاوای کوردستانن و سێ کەسیان خەڵکی چۆمانن. خەڵکی سۆران و هەولێریش لە نێو سوتاواندان. ژمارەیەک لەو کەسانەی سوتاون ناناسرێنەوە".
 
ئەندام جەبار پەیامنێری رووداو کە لە سەرەتای رووداوەکەوە تاوەکو کۆتایی رووماڵی دەکرد، ئاماژەی بەوەکرد، "نهۆمی سێیەم و چوارەم شوێنی نیشتەجێبوونی مامۆستایان بوون و لەنێو قوربانییەکاندا  مامۆستای ژن و پیاو هەن".
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران: باڵەخانەکە هی ئێمە نییە
 
ئەو باڵەخانەیەی کە سووتاوە ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆی سۆرانی تێدابوون، لەبارەیەوە د. رزگار سەعید، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باڵەخانەکە شوێنێکی ئەهلییە و پەیوەندی بە زانکۆی سۆرانەوە نییە، دەکرێت مامۆستا یان خوێندکاری زانکۆ لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێبن، وەکو چۆن دەکرێت کرێکارێکیشی تێدا نیشتەجێ بێت."

 

 
هاوکات، عەبدوڵڵا شێرکۆ، بەڕێوەبەری بەشەنێوخۆییەکانی زانکۆی سۆران بە رووداوی گوت، "ئەو باڵەخانەیە ئەهلییە و زانکۆی سۆران نەیگرتووە بۆ قوتابییان، بەڵکو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی گشتییە، خەڵکی جیاواز تێیدا نیشتەجێن، بەڵام ئێمە ئاگادارنین لەوەی هیچ قوتابییەکی بەکالۆریۆس تێیدا نیشتەجێ بووبێت و بۆخۆی گرتبێت."
 
"کاژێر 10:00 ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا"
 
رائید رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا کاژێر 10:00ـی شەو [بە کاتی هەولێر] ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکرا." لەبارەی ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوەکەوە، تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "14 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بریندار بوون."  
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: 10 پیاو و چوار ئافرەت گیانیان لەدەستداوە
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمشەو 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسیان پیاو و چواریان ئافرەتن".
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکدەهێندرێت. گوتیشی، "سەرجەم قوربانییەکان بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە خنکاون و هیچیان نەسووتاون".
 
سەرۆکی زانکۆی سۆران: مامۆستایەک و دوو خوێندکارمان گیانیان لەدەستداوە
 
هەروەها د. شێروان شەریف قۆرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو باڵەخانەیەی ئاگری گرتووە پەیوەندی بە زانکۆی سۆرانەوە نەماوە و سێ ساڵە بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی سەلامەتی وەکو بەشە ناوخۆیی زانکۆ نەماوە.
 
گوتیشی، یەک لە مامۆستاکانی بەشی یاسا بەناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیلهام کە عەرەبە، لەگەڵ براکەی کە قوتابییەکی خوێندنی دکتۆرایە، هەروەها قوتابییەکی خوێندنی بەشی عەرەبی کە قوتابی ماستەر بوو، خۆی و خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە، واتا دوو خوێندکار و مامۆستایەکی زانکۆی سۆران لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
 
سەرۆکی حکومەت: لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت
 
لەبارەی رووداوەکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد، هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بیکەن".
 
مەسرور بارزانی داوای کرد، لێکۆڵینەوەی ورد و جیدی لەبارەی هۆکاری رووداوەکە بکرێت و بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکانی سەلامەتی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت.
 
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، "دڵمان لەگەڵ خێزان و کەسوکاری قوربانییانی رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمشەوی سۆرانی خۆشەویستە و هاوسۆز و هاوخەمیانین؛ لەخوای گەورە داواکارم شیفای بریندارەکان بدات و سەبووری و ئارامی بەهەموولایەک ببەخشێت".
 
هەروەها یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی رایگەیاند، "داواكارین لایەنە پەیوەندیدارەكان رێكارەكانی سەلامەتی باڵەخانە و شوێنە گشتییەكان توندوتۆڵتر بكەن؛ بەو هیوایەین رووداوی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە".
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە