رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە بیستنی هەواڵی ناخهەژێنی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران زۆر خەمبار بووم، كە بەداخەوە لەو رووداوەدا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون".
شەوی هەینی، 8-12-2023، ئاگر لە باڵەخانەیەک لە قەزای سۆران کەوتەوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک مامۆستا بووە، تائێستا بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بە برینداری لە نەخۆشخانەن.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکات و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم". دەشڵێت، "لە خودای گەورە داواکارم رۆحی قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە خانەوادەکانیان ببەخشێت و شیفای خێراش بە برینداران بدات".
لەبارەی رووداوەکەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمشەو 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسیان پیاو و چواریان ئافرەتن".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکدەهێندرێت. گوتیشی، "سەرجەم قوربانییەکان بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە خنکاون و هیچیان نەسووتاون".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبیستنی هەواڵی ناخهەژێنی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران زۆر خەمبار بووم، كە بەداخەوە لەو رووداوەدا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری قوربانییانی ئەو كارەساتە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواکارم رۆحی قوربانییانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە خانەوادەکانیان ببەخشێت و شیفای خێراش بە برینداران بدات.
انا للە و انا الیه راجعون
مەسعود بارزانی
8ی کانوونی یەکەمی 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ