رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوی ئاگرەکەی ئەمشەوی سۆران کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند.
سێ رۆژ ماتەمینییەکە لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستپێدەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانیانى رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دەکات و ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە بەهۆی سووتانی یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەک خوشک و برامان گیانیان لەدەستدا".
لە راگەیێندراوەکەی ئیدارەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا هاتووە، "دوای پەیوەندیەکی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، لەسەر راسپاردەی جەنابیان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چاودێریکردنی دۆخی بریندارانی رووداوەکە. هەر بەم بۆنەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سبەی شەممەوە، سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیێنێت".
شەوی هەینی، 8-12-2023، ئاگر لە باڵەخانەیەک لە قەزای سۆران کەوتەوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک مامۆستا بووە، تائێستا بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بە برینداری لە نەخۆشخانەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ