پزیشکیان: پێویستە گەلی سووریا دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن

08-12-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دوایین پێشهاتەکانی سووریا رایگەیاند، "پێویستە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن گفتوگۆ هەبێت و گەلی سووریا بتوانێت دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بڕیار لە داهاتووی سووریا و سیستمە سیاسییەکەی بدەن."
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی باسی دۆخی سووریای کردووە و جەختی لە پێویستیی پاراستنی یەکگرتوویی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە و روونیکردووە کە "پێویستە گەلی سووریایە خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە و سیستمی سیاسی و حکومەتەکەی بدات."
 
پزیشکیان ئاماژە بە پێویستیی گفتوگۆ لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەکات بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و هیوای خۆی دەربڕیوە کە "ململانێ و پێکدادانە سەربازی و توندوتیژییەکان بەزووترین کات کۆتاییان پێبێت بۆ ئەوەی گەلی سووریا بتوانێت لە ژینگەیەکی ئارامدا دوور لە هەر جۆرە توندوتیژییەک و نیگەرانی یان دەستوەردانی وێرانکەری دەرەکی بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، بڕیارێک بدەن کە شایەنی گەلی گەورەی سووریا بێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران هەروەها دەڵێت، پزیشکیان جەختی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سەرجەم هاووڵاتیان و دانیشتووانی سووریا، پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان، هەروەها شوێن و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کۆنسوڵخانەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە و رایگەیاندووە، "ئێران درێژە بە راوێژکارییە دیپلۆماسییەکانی دەدات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی سەقامگیرکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆککۆمار بە تووندی کردەوەکانی رژێمی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر خاکی سووریا سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات، هەموو لایەنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دۆخەکە لە لایەن رژێمی زایۆنییەوە بۆ پێشخستنی تەماحە فراوانخوازانە و نایاساییەکانی لە بەرامبەر گەلانی ناوچەکە وریاتر بن."
 
دوای 53 دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024 هێزەکانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە سووریا هێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی پیسیی هەوای شارەکەی گەیشتووەتە 161 پلە.

هەوای ورمێ "بۆ هەموو کەسێک" مەترسیدارە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایدەگەیێنێت، بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەوای شاری ورمێ لە دۆخی "ناتەندروست"ـدایە و ئاستی پیسییەکەی گەیشتووەتە 161 پلە. دەشڵێت، دۆخەکە بۆ هەموو توێژەکان مەترسیدارە.