رووداو دیجیتاڵ
دوای دووجار درێژکردنەوە، ئەمڕۆ دواین وادەیە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی حاجییان بۆ ساڵی داهاتوو. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێ، ماوەکە درێژ ناکرێتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان 26-11-2025 ماوەی مامەڵەی حاجییانی بۆ ماوەی هەفتەیەک و تاوەکو 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 درێژکردەوە، دواتر جارێکی دیکە ماوەکە تاوەکو ئەمڕۆ درێژکرایەوە.
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دووجار لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و حاجییان، ماوەی مامەڵەی حاجییان درێژکرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ تەواو دەبێت."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، ئەوانەی مامەڵەکانیان نەکردووە، ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو تەواوی بکەن. گوتیشی: "کاتەکە درێژناکرێتەوە؛ دوای ئەمڕۆ یەدەگەکان شوێنی ئەوانە دەگرنەوە کە نەهاتوون بۆ مامەڵەکانیان."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باسی لەوەش کرد: "ئەمڕۆ لەگەڵ تەواوبوونی دەوامی فەرمی، مامەڵەی حاجییانیش دەوەستێت. ئەوانەی ناویان دەرچووە، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و راپەڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن."
بەپێی ئەو کاتەی لە سعودیە دیاریکراوە، پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026، هەموو رێکارەکان بۆ پڕۆسەی حەج تەواو بووبن.
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تیمەکانمان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە و نووسینگەکانی حەج و عومرە لە رۆژانی یەکشەممەوە لە کاژێر 08:30ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 04:00ـی ئێوارە کاردەکەن، بە مەبەستی خزمەتکردنی حەجخوازان و تەواوکردنی مامەڵەکانیان".
لە 16-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەج، کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە.
ناونووسین بۆ حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان تۆمار کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ