چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی توانایان حوکمدراویان تێدایە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە شەش هەزار حوکمدراو لە زیندانەکاندان، بەشێکیان زیاترە لە دوو هێندەی توانای راگرتن تێیاندا. بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی حوکمدراوان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی ئامادەکراوە و دەدرێتە پەرلەمانی کوردستان.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "6 هەزار و 3 حوکمدراو لە چاکسازییەکاندان و زیاترن لە دوو هێندەی توانای شوێنی مانەوەیان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "سێ چاکسازیی گەورانمان هەن هەریەکەیان بۆ زیندانیکردنی 910 حوکمدراو دروستکراون، چاکسازیی گەورانی هەولێر نزیکەی سێ هێندەی توانای خۆی حکومدراوی تێدایە".
 
بەگوێرەی ئامارەکە، چاکسازی گەورانی هەولێر شوێنی 910 کەسە، ئەمڕۆ 2235 حوکمدراوی تێدایە، چاکسازی گەورانی سلێمانی کە بەهەمان شێوە بۆ 910 کەس دروستکراوە، ئەمڕۆ 1725 حوکمدراوی تێدایە و چاکسازی گەورانی دهۆکیش کە هەمان قەبارەیە 1445 حوکمدراوی تێدایە.
 
پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی
 
چەند ساڵێکە بەشێکی زیندانییان و کەسوکاریان داوای پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی دەکەن و بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانیش بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی حوکمدراوان لێبووردنی گشتیی لە چوارچێوەی یاسایەکەدا بە پێویست دەزانێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "چاوەڕوانی کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستانین، پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی ئامادەیە و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستیپێبکەنەوە دەیبەینە پەرلەمان".
 
دوایین جار لە 17-12-2017ـدا پەرلەمانی کوردستان لێبووردنی گشتی بۆ حوکمدراوان دەرکرد و ژمارەیەکیان بەگوێرەی مەرجەکان ئازاد کران.
 
لە پڕۆژەیاساکەدا ئەگەر پەرلەمانی کوردستان پەسەندی بکات، بەشێک لە حوکمدراوان ئازاد دەکرێن، بەتایبەت ئەوانەی ئاشتەوایی (سوڵح)یان هەیە و ئەوانەشی مافی گشتییان لەسەر نییە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە