مامۆستایەکی ئایینی لەدوای گەڕانەوەی لە عومرە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینیی کە سەرقافڵەی کاروانەکانی گەشتی عومرە بووە، دوای گەڕانەوەی لە گەشتێک لە نزیک قەزای سەیدسادق بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا.
 
مەلا ئەبووبەکر خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای (تەواوف حەرەم) ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستا ئەلیاس دوو ساڵە لەگەڵ ئێمە کاری دەکرد، دوێنی دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر لە عومرە بەرەو ماڵەوەیان لە ناحیەی بیارە لە هەورامان بەڕێکەوت و شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
 
لە ئۆتۆمبێلی مامۆستا ئاینییەکەدا هاوژینەکەی و ژنێکی دیکە هەبوون و هەردووکیان بریندارن.
 
مامۆستا ئیلیاس پێشتر پێشنوێژ و گوتارخوێن بووە لە مزگەوتی گوندی سوولاوک لە شاری هەولێر. ئەبووبەکر خۆشناو گوتی: "دایک و باوکی لە بیارە دەژیان و بەهۆی ئەوانەوە ماڵی بردبووەوە بۆ بیارە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەشت مانگی ئەم ساڵ هەزار و 475 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 235 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 456 کەسیش بریندار بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە